بۆ بنەماڵەی شەهید ڕەنگین.
بۆ فەوجی دووی هێزی ژنان و هەموو هاوسەنگەرانی شەهید ڕەنگین.
بۆ هەموو ژنانی کورد.
سڵاو لە ڕۆحی هەموو ئەو ژنانەی کە لە سەنگەرەکاندا بەرگری لە خاک، وڵات،کەرامەتی ژنان و گەلی کورد دەکەن.
تێکۆشانی ژنانی کورد لە هەموو جیهان سەری کوردی بڵند کردووە و جیهانی پیاوسالاری هەژاندووه .
وێنێ شەهید دەنیز، ئارین، گوڵان باتمان و دەیان و سەدان ژنە تێکۆشەر لە سەنگەرەکاندا لە بەرامبەر چەتەکانی داعش بوونە قەڵغان و گیانی خۆیان کردە کڵپەی ئاگرو بۆ تیرۆری جیهانی کردیان بە دۆزەخ. ئەمڕۆ شەهید ڕەنگین ڕێگای ئەوانی بەردەوام کرد. ئەو تێکۆشانەی ژنان ئەمڕۆ کە شاری کۆبانێ کردۆتە قەڵای تێکۆشان و بەرخۆدان بوونەتە هیوای هەموو گەلی کورد و لە جیهاندا گەیشتۆتە لوتکە.
بە بۆنەی شەهید بوونی ژنە تێکۆشەر نەقیب ڕەنگین یوسف لە فەوجی دووی هێزی ژنان، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵه و کەسوکار و هەموو ژنانی کوردستان و گەلی کورد دەکەین.
هیوادارین ئەمە دوا خەمی بنەماڵەکەیان بێت و دەڵێین شەهید ڕەنگین تەنیا شەهیدی بنەماڵەکەی و باشووری کوردستان نییە بەڵکو شەهید، شەهیدی هەرچوار پارچەی کوردستانه و کوردستان بە شەهیدانی سەربڵندا لە لە پێناو ئازادی ئەودا گیانی خۆیان بەخت دەکەن.
لە کۆتاییدا دەڵێین بۆ ئەوەی چەکی دەنیز، ئارین، گوڵان، ڕەنگینەکان لە زەوی نەمێنێتەوە، پێویستە ژنان لە باشووری کوردستانیشدا بەرۆحی فیداییانە بەشداری لە ڕیزەکانی پێشمەرگە و یەکینەکانی پاراستنی ژن بکەن و ببنە خاوەن هێزی خۆیان و لەم پێناوەدا برەو بە تێکۆشان و ڕێکخستن بوونی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی ببینە وەڵام بۆ خوێنی شەهیدان و درێژە پێدەری ڕێگای تێکۆشانیان. سەربەرزیو نەمری بۆ شەهیدان
رووڕەشی بۆ دوژمنانی گەلی کورد و چەتەکانی داعش.
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان
12 10 1014