لەپاش گەمارۆدانی ناحیەی ئامرلی و دەستبەسەراگرتنی سلێمان بەگ لەلایەن داعشەوە، چەندین گرووپی شیعەکان هاتوونەتە ناوچەکه و بوونەتە هۆی ڕاوەدوونانی سونەکان، بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو سونەکانیش کە نزیکەی 500 هەزار کەس دەبن چوونەتە کەرکووک و دووبارە تەعریب کراوەتەوە.
ئیحسان مەلا فوئاد، ئاوێنەنیوز: لەپاش ئازادکردنی ناحیەی ئامرلی شیعەنشین لەلایەن گروپەکانی شیعەوە، لەسنوری دوزخورماتو و سلێمان بەگ و ئامرلی نزیکەی 53 گوندی دەبێت زۆربەیان لەلایەن ئه و گرووپانەوە سوتێنراوە، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو کەمال گلی لەوبارەیەوە بۆ ئاوێنەنیوز وتی "خەڵکی ئه و گوندانە کە عەرەبی سونەن ناتوانن ڕوو لەبەغداو تکریت بکەن، ناچار ڕوویان کردووەتە کەرکووک و کوردستان و بەئاسانی ناگەڕێنەوە، ئەمەش جۆرێکی تری تەعریبە".
ئه و ئەندامەی ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو ئاماری ئاوارەبوونی عەرەبە سونەکان بۆ کەرکووک دەخاتڕوو و دەڵێت " هەموو ئه و عەربانەی چوونەتە کەرکووک ژمارەیان نزیکەی 500 هەزار کەس دەبن".
گلی لەلێدوانەکەیدا بۆ ئاوێنەنیوز ئاماژەی بەوەش کرد هەر لەسەرەتاوە کورد لەگەڵ هاتنی ئه و گرووپانەی شیعەکاندا نەبوو، هەرچەندە ئێمە وەکوو ئەنجومەنی قەزا سەردانی هەموو حزبەکانمان کرد و ئەوانیش پێیان باش نەبوو بێنە ناوچەکە و هەمومان هاوڕابووین کە مەترسین و سەرەنجام واش دەرکەوت".
- 16-10-2014