حەسەن جومعە
پێشووتر بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی نێوان سوپای عیراق و عەرەبە سوننەکان لە چەند ناوچە و شارێکی عیراق ژمارەیەکی خێزانی عەرەبی ئاوارە ڕوویان کردە پارێزگای کەرکووک، لە ئێستاشدا بە هەمان شێوە بەهۆی هاتنی داعش بۆ ناوچەکە و داگیر کردنی بەشێک لە شار و شارۆچەکانی عیراق ژمارەیەکی زیاتر عەرەبی ئاوارە ڕوویان لە کەرکووک کردەوە کە بە 400 هەزار کەس مەزەندە دەکرێن.
کامیل ساڵەیی، قایمقامی کەرکووک بە خەندانی ڕاگەیاند: "بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی کەرکووک لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای عیراق و عەرەبە سوننەکان و لە ئێستاشدا بەهۆی شەڕی داش لە بەشێکی زۆری پارچەکانی عیراقدا، ژمارەیەکی زۆر خێزانی ئاوارە هاتوون کە دەکاتە 65 هەزار خێزان".
راشیگەیاند: زۆربەی هەرە زۆری ئه و ئاوارانەش لە ناوچەکانی فەلوجە و ئەنبار و موسڵ و تکریت و دیالە، هاتوون، هەروەها پێشووتریش لە کەرکووک نۆ هەزار ئاوارەی شوێنەکانی تر لە کەرکووک بە ڕەسمی بوونیان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا 11 هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە لە شارەی کەرکووک بوونیان هەیە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا هێنرابوونە کەرکووک بەڵام تا ئێستاکە نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و قەرەبووی ماددەی 40 وەرگرتووە".
وتی: "سەرجەم ئاوارەکانی کەرکووک لە ئێستادا 85 هەزار خێزان دەبن و بەپێ ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی کەرکووک، دەگاتە زیاتر لە 400 هەزار کەس".
کامیلی ساڵەیی ڕاشیگەیاند: "زۆری ژمارەی ئاوارەکانی کەرکووک کاریگەریان خستوەتە سەر نرخی بازاڕ و کاڵا و شمەک لە ڕووی نرخەوە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لە هەمانکاتدا نرخی خانوو و زەوی زۆر گران بووە و لە هەمووشی گرنگتر ڕێژەی بێکاری گەیشتوەتە ئاستێکی بەرز".
وتیشی: "بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی بێت ئەوەیە ئاوارە عەرەبەکان لە ناو پارێزگای کەرکووک خانوو و زەوی دەکڕن، ئەمەش بۆ خۆی مەترسی هەیە بۆ سەر ئایندەی کەرکووک و دەبێت بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لێ بکرێت و بۆ ئەوەی کەرکووک تەعریب نەکرێت، هەر بۆ ئه و مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەتمان پێکهێناوە و ڕێگری له و کارە دەکەین".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئێستاکە لە ناحیەی لەیلان کە سەر بە پارێزگای کەرکووکە بۆ ئاوارەکان زیاتر لە 1380 خێوەت دروست کراوە بۆ ئەوەی لە ناو ئه و خێوەتانەدا نیشتەجێ بکرێن و لە داهاتووشدا لە هەمان جێگەدا خێوەتی زیاتریان بۆ دابین دەکرێت".
- 22-10-2014