دوای ئەوەی دوو ساڵ خزمەتی سەربازی لە ڕیزی سوپای ئەمریکا دەکات، دوای چەند ساڵێک لە وازهێنانی، دووبارە جلە سەربازییەکانی دەکاتەوە بەری، بەڵام ئەمجارە بۆ ئەوەی لە کۆبانێ ببێتە شەڕڤان و لە ڕیزی کورد شەڕی داعش بکات.
جۆردەن ماتسۆن، بەهۆکاری کەسیی ناچار بووە واز لە سوپای ئەمریکا بهێنێت، چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە شیکاگۆوە هاتووەتە ئیستەنبوڵ، لەوێشەوە هاتووەتە ئامەد، دواتر هاتووەتە عێراق و دواتریش ڕووی کردووەتە ڕۆژئاوای کوردستان.
ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی دەست بەشەڕ دەکاتەوە، بەهۆی هێرشێکی چەکدارانی داعش لە ڕێگەی هاوەنەوە بە سووکی بریندار دەبێت، لە نەخۆشخانەی دێریک لە باکووری کوردستان چارەسەر وەردەگرێت و دەیەوێ دووبارە بگەڕێتەوە بەرەکانی شەڕ.
لە چاوپێکەوتنێکدا ماتسۆن وەڵامی هۆکاری هاتن و چەند ڕەهەندێکی جودای شەڕی ڕۆژئاوای کوردستان دەداتەوە.
لە وەڵامی پرسیاری کە ئایا چۆن بوو وەک سەربازێکی پێشووی سوپای ئەمریکا بڕیارتدا بۆ شەڕی دژ بە داعش بێیتە ڕۆژئاوا؟ ماتسۆن گوتی: "سێ ساڵە داعش هێزی خۆی پەرەپێدەدات، ئەوانەی وەک خۆیشی بیر ناکەنەوە هێرشیان دەکاتە سەر و کۆمەڵکوژیان دەکات، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لە تەماشاکەرێک زیاتر نین، ئەمەش منی زۆر ناڕەحەت کرد، بۆیە ئەگەر هیچ کەسێکیتر ئەمە نەکات، من بڕیارمدا بێم و ئەم خەڵکە بپارێزم".
جۆردان ماتسۆن دەڵێ، کە ئەو دوو ساڵەی لە سوپای ئەمریکا بووە داوای لێکراوە لە دەرەوەی وڵاتەکەی ئەرکی سەربازی بەجێ بگەیەنێت، ئەو ئەرکەی بەجێنەگەیاندووە و نەچووە، بەڵام ئامادەبووە بێتە ڕۆژئاوای کوردستان و لەبەرەی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) شەڕی داعش بکات.
ماتسۆن هاوکات کریستیانێکی بڕوادارە و دەڵێ: "کریستیانەکان لەم ناوچەیە پێیاندەگوترێ یان ببنە مسوڵمان یان دەتانکوژین، بەڵام لەوەتەی هاتوومەتە نێو کوردەکان لە خۆشەویستی زیاتر بەرەوڕووی هیچ نەبوومەتەوە، لێرە مسوڵمانێک منی بردە کڵێسا، لەم بەشەی وڵاتی سووریا خەڵک بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، سەرەتا کە هاتم بە ئامانجی پاراستنی کریستیانەکان هاتم، بەڵام کە گەیشتمە ئێرە دوای ماوەیەک دەستم بەشەڕ کرد بۆ پاراستنی هەموو کۆمەڵگا، لێرە مرۆڤەکان بە ڕێز و خۆشەویستییەوە لەگەڵ یەکدی دەژین".
ئەو شەڕڤانە ئەمریکی نەژادە ڕایدەگەیەنێت، کە هاتنی بۆ ڕۆژئاوا ئاسان نەبووە، "تابڵێی بڕیارێکی سەخت بوو، کەسێک کە هیچ لە ئەمریکا نەهاتووەتە دەرەوە لەپڕ دێتە ئەوسەری دونیا، دایک و باوکیشم سەلامەتی منیان دەویست، بەڵام کە پێداگری منیان بینی ڕێگرییان نەکرد، بەڵکو هاوکارم بوون، ژمارەیەک سەربازی دیکەی ئەمریکیش دەیانەوێ بێن و لێرە شەڕ بکەن، لەگەڵ ئەوان لەپەیوەندیدام، بەسەدانن، زۆربەیان سەربازانی پێشووی ئەمریکان".
ماتسۆن باسی کورد دەکات و دەڵێ: "کورد هەر کەسێک بۆ هاوکاریکردنیان دێت زۆر نزیک نیشانی دەدەن، وەک ئەوەی ناوبانگێکی گەورەم هەبێت ئاوا مامەڵەم دەکەن، لە خۆشەویستی زیاتر لەم مرۆڤانە نابینم".
ئەو شەڕڤانە باسی زمانی ئاخاوتنی خۆی لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە دەکات و دەڵێ: "لەوەتی هاتووم کەمێک کوردییان فێرکردووم، ئەوانیش هەندێک ئینگلیزی دەزانن، ئەوەی لەو نێوەدا دەمێنێتەوە بە زمانی جەستە لەیەک حاڵی دەبین".
ماتسۆن باسی هۆکاری نەکەوتنی کۆبانێ دەکات و دەڵێ: "زۆربەی ئەوانەی لێرە شەڕ دەکەن ڕاهێنانێکی سەرەتایی سەربازییان وەرگرتووە، بەڵام ئازایەتییەکی لەبن نەهاتوویان هەیە، نیازیان بە شکستهێنان نییە و تا قوڵایی مەترسییەکان دەڕۆن و لەپاڵ سەریانەوە خێزانەکانیان دەپارێزن، داعش موسڵی بە سێ ڕۆژ گرت، مانگێک زیاترە ناتوانێ کۆبانێ بگرێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ستراتیژەتێکی جیدی و فەرماندارییەکی بەهێز هەیە لە کۆبانێ".
- 23-10-2014