نەبەرد فوئاد
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایدەکات، کە بە تەنها نەوتی یەدەگی ناوچەی گەرمیان نزیکە لە نەوتی یەدەگی وڵاتی قەتەرەوە.بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو بەو نەوتەی کە هەیە خزمەت بە ناوچەکە نەکراوە.
د.غالب محەمەد عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بە خەندانی ڕاگەیاند:"بە پێی ئاماری ئەو کۆمپانیایانەی کە لە کوردستان بە گشتی بە تایبەتی لە گەرمیان ئیشدەکەن، نەوتی کوردستانیان بۆ سەر سێ جۆر پۆلێن کردووە ئەوانەش(مەزن و ناوەند و بچوکن) کە نەوتی جۆری مەزن پڕ بەرهەمترین جۆرییەتی نەوتی گەرمیان زۆربەی لە جۆری مەزنە کە دەتوانێت چەندین جۆر لە دەرهاویشتەی سوتەمەنی لێدەر بهێرێنێت."
وتیشی:" بە پشت بەستن بە ئامارەکانی کۆمپانیایی (وێسترن زاگرۆس) کە خۆیان بڵاویانکردۆتەوە، کە لە ناوچەکانی کەلار و کفری و چەمچەماڵ 30-35 ملیار نەوتی یەدەگی تێدایە، ئەو ڕێژەیەش کە نزیکە لە نەوتی یەدەگی وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو قەتەر بە دەر لەوەش 4-7 ترلییۆن سێجا گازی تێدایە بەم پێوەرەش بێت گەرمیان لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان زیاتر پترۆلی تێدایە."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەشی بەوەکرد کە: " بەداخەوە ئەگەر ئەو بڕە نەوتە لە هەر شوێنێکی دیکە بوایە ئەوا ئێستا بە دەیان کارگە دروست دەکرا و خزمەتگوزاری پێشکەش بە ناوچەکە دەکرا."
سەرچاوەیەکی تایبەتیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی " بە داخەوە کاتێک باس لە نەوت دەکرێت، ناوترێت نەوتی یەدەگی گەرمیان، لە بری ئەوە دەوترێت نەوتی پارێزگای سلێمانی.ئەوەش دەبێتە ناحەقی بەرامبەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی گەرمیان"
- 05-11-2014