بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونی هاتوچۆ و تەلەفکردنی پسووڵەی نەوت وبەنزین و گاز لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەماوەی 10 مانگی ڕابردوودا 790 هەزار و 251 خێزان نەوتی پێگەیشتووە، بری 170 ملیۆن و 686 هەزار و 440 لیتر نەوت دابەشکراوە.
لە لێدوانێکی نووسراودا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، تیایدا ڕائید جەلال ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی هاتوچۆ و و تەلەفکردنی پسوڵەی نەوت و بەنزین و گاز بەدواداچونی لە لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: پاش سەردانکردنی لیژنەکەیان لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا لە 1-1 تا 1-11-2014، بەردەوام سەردانی کۆگاکانی دابەشکردنی سوتەمەنی و سەندیکا و بازگەکانیان کردووە و ڕێنمایان پێداون بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا و بەبێ گرفت سوتەمەنی بگاتە دەستی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و قەزاو ناحییەکان.
وتیشی: "بەهۆی سەردانکردن و بەدواداچوونکردنیان سەرپێچییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەجۆرێک لە ماوەی 849 سەرداندا تەنها 25 پسوڵەی نەوت دەستی بەسەردا گیراوە و سێ شۆفێریش بەهۆی سکاڵای هاوڵاتیانەوە ڕووبەرووی دادگا کراونەتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: لیژنەکەیان ڕێگری دەکات لە فرۆشتنی نەوت و بەنزین بە شێوەیەکی نایاسایی لەم ساڵدا دەست گیراوە بەسەر 830 دەبە بەنزین کە لەسەر شەقامەکان بەشێوەیەکی نایاسایی دەفرۆشرێت.
سەرۆکی لیژنەکە ڕاشیگەیاند: هەرخێزانێک ساڵانە دوو پسوڵە وەردەگرێت و بۆ هەر پسوڵەیەکیش 216 لیتری نەوتی پێدەدرێت و تا ئێستا 790 هەزار و 251 خێزان نەوتی پێگەیشتووە، بری 170 ملیۆن و 686 هەزار و 440 لیتر نەوت دابەشکراوە. بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لەکاتی خۆیدا بڕی سوتەمەنی دیارکراوی پێبگات گەڕان و بەسەرکردنەوەکانیان بەردەوام دەبێت.
- 10-11-2014