هێڤی خالید
شەڕی داعش و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاریگەرییەکی تەواوی خستۆتەسەر سەرجەم چین و توێژەکان و بازاڕی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وای کردووە کە بازاڕەکانیی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە سست بوون بکەن، بازرگانێکی قوماشیش دەڵێت، لەمساڵدا بەڕێژەی لە 90% بازاڕی قوماش وەستاوە.
عەتا حاجی ڕەجەب بازرگانی قوماش و ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێکی بۆ خەندان ڕایگەیاند" ئەمساڵ بازاڕی قوماش بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە دەبێت لە وەرزی پایزدا بازاڕی قوماش گەرم بێت، بەڵام ئەمساڵ کوتاڵفرۆشان هەمویان نیگەرانن لە نەفرۆشتنی قوماشەکانیان و بێ بازاڕی".
ئه و بازرگانە هۆکار بێ بازاڕیی قوماشی بۆ بێَ بودجەیی و پێنەدانی موچە و ئه و دۆخە گەڕاندەوە کە لە عیراق و هەرێمدا هەیە، ئەوەش بەهۆی شەڕی داعش لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق.
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی قوماش لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی خواروی عیراق، عەتا حاجی ڕەجەب، وتی" هەموو بازرگانییەک لە نێوان شارەکانی هەرێم و عیراق وەستاوە نە لێرەوە قوماش دەڕوات و نە لەوێشەوە قوماش دێت".
وتیشی:" بەهۆی ئەوەی بازرگانانی خۆمان زیاتر شتومەک لە وڵاتانی دەرەوە دێنن، لە ئێستادا پشت بە بەغدا نابەستن و خۆیان خزمەتی هەرێم دەکەن، ئه و هۆکارەش وای کردووە کە بازرگانیی لەنێوان عیراق و کوردستان کەم بێتەوە".
تەئیکدیشی کردەوە، کە هێنانی قوماش و شتومەک لە حکومەتی ناوەندەوە بەرێژەی 75% لە چاو ساڵانی پێشوو کەمی کردووە.
عەتا حاجی ڕەجەب ئەوەشی خستەڕوو، کە لەساڵانی ڕابردودا قوماش فرۆشەکان لەوەرزی پایزدا بەشێوەیەکی باش بازاڕیان دەجوڵا و هاوڵاتیان جلوبەرگی نوێیان دەکڕی، بەڵام لەمساڵدا بازاڕی قوماش بە ڕێژەی لە 90% وەستاوە.
- 10-11-2014