ئێستا وەرزی چاندنی گەنم و جۆیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە جووتیارانی باشووری کوردستان بە هۆکاری ئەوەی زەوییەکانیان کەوتوونەتە ژێردەستی داعش ناتوانن زەوییەکانیان تۆبکەن، سەلمان محەمەد یەکێکە لە جووتیارەکانی گوندی زمارەی سمبس لە گوێر، کە زیاتر لە 140 دۆنم زەوی لە ژێردەستی داعش و ناوچە مەترسیدارەکانن، سەلمان ساڵانە زەوییەکانی سەوز دەکرد، بەڵام ئەمساڵ دەستەوەستانە و تەنها لە دوورەوە دەتوانێت سەیری زەوییەکانی بکات.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتووکاڵ لە شنگال و زوممار، مەخموور و گوێر، دوبز و داقوق و حەویجە تا درێژدەبێتەوە بۆ جەلەولاو سەعدیە، نزیکەی ملیۆنێک و 770 هەزار دۆنم زەوی ناتواندرێت یاخود ئەستەمە کشتووکاڵیان تێدابکرێت، بەوەش نزیکەی زیاتر لە 885 هەزار تەن گەنم و جۆ زیان بە جووتیاران دەگات.
بە پێی لێکدانەوەکان 885 هەزار تەن گەنم و جۆ کە نرخەکەی دەکاتە 700 ملیار و 920 ملیۆن دینار، زیان بە جووتیاران دەگات، ئەو ڕێژە گەنم و جۆیەش بەشی ساڵێکی هەرێمی کوردستان و دوو مانگی سەرتاسەری عێراق دەکات.
- 11-11-2014