ئەمڕۆ (یەکشەممە) لەرۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوۆچدا، پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان ئامارەکانی هەردوو ساڵی 2013 و 2014 ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت ئەمساڵ ژمارەی مردوان و ڕوداوەکانی هاتوچۆ بەهۆکاری ئۆتۆمبیل کەمبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
ئاودێر محەمەد،ئاوێنەنیوز: له و بارەیەوە بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان کارزان مەجید لەلێدوانێ:دا بۆ ئاوێنەنیوز وتی "ئەمڕۆ (یەکشەممە) 11/16ی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆیه و بەهەلی دەزانین ئاماری قوربانیانی هاتوچۆی ساڵی 2014 بەراورد بەساڵی 2013 بخەینەڕوو.
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند لەمساڵدا (2014) 297 ڕوداوی هاتوچۆ لەسنوری گەرمیان تۆمارکراوە، بەڵام لەساڵی 2013 دا 303 ڕوداوی هاتوچۆ تۆمارکراوبوو، هاوکات لەمساڵدا 37 کەس بەهۆی ڕوداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە 2013 دا 44 کەس گیانیان لەدەستدابوو.
سەبارەت بەئاماری بریندارەکان وتی "لەمساڵدا (2014) 420 کەس برینداربون و ساڵی پاریش 328 کەس".
کارزان مەجید ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ هەندێک ناوچەی عیراق کەوتە ژێر دەستی داعش، فشارێکی زۆر لەسەر ڕێگاوبانەکانی گەرمیان هەبووە، بەڵام شەونخونی و کاری بەردەوامی پۆلیسەکانی هاتوچۆ ئیدارەی توانراوە ڕێگری لەروداوەکانی هاتوچۆ بکرێت، سەرباری ئەوەی گەرمیان لەدوو مەرزی هاوسنوری ئێران وەک پەروێزخان و منزریەوە نزیکه و هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە.
- 16-11-2014