بە گوێرەی دواڕاپۆرتی ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی کوردستان، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 لە ڕێگەی بۆرییەوە سەرەتا 55 ملیۆن پێ سێجا غازی سرووشتی هەناردەی دەرەوە دەکات و لە 2019-یش، هەناردەی ڕۆژانەی نەوت دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی کوردستان، لە ماوەی دە ساڵدا هەرێمی کوردستان 272 ملیۆن و، 645 هەزار و، 911 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆل، ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی مانگی نۆڤەمبەری خۆیدا ئاشکرایکردووە، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 تا کۆتایی ساڵەکە لە 180 هەزار بەرمیل ڕۆژانەوە بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە، هەروەها لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2015-یشدا ئه و ڕێژەیە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات.
راپۆرتەکە ئاماژە بە بڕی ئه و نەوتە دەکات کە هەرێم، ئەمساڵ هەناردەی تورکیای کردووە کە 34 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە، له و بڕە 21 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان ڕەوانە کراوە و 13 ملیۆن بەرمیلیش لە ڕێگەی تەنکەرەوە بە تورکیا فرۆشراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە داهاتەکانی نەوتی هەرێم لە ئەمساڵدا کراوە و تێیدا هاتووە، "کۆی داهاتی خەمڵێنراوی ئه و نەوتەی لە ساڵی 2014 لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە فرۆشراوە، دەگاتە 2 ملیار و 87 ملیۆن دۆلار، کۆی پارەی وەرگیراویش بە کاش ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلارە، هەرچی 900 ملیۆن دۆلاری دیکەیە وەک کرێی بارکردن و پارەی پێشینە بووە کە بڕی 400 ملیۆن دۆلار کرێی بارکردن و پادداشتی کۆمپانیاکانە، 500 ملیۆن دۆلاریشی پارەیەکە پێشتر وەرگیراوە".
راپۆرتەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات کە لە ساڵی 2013 کۆی ئه و نەوتەی بەرهەم هێنراوە لە هەرێم، 78 ملیۆن بەرمیل بووە و ئه و ژمارەیەش بە بەراورد بە ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵی 2003 نزیکەی سەدا 200 زیادی کردووە.
هەروەها ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی کوردستان، ئەوەیشی لە ڕاپۆرتەکەیدا خستووەتە ڕوو کە، ساڵی 2014 بەپێی قۆناغەکان سەرەتا 180 هەزار بەرمیل هەناردە کرا، دواتر ئه و ڕێژەیە بووەتە 340 هەزار بەرمیل، دواتر 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکرێت. هەرچی ساڵی 2015-یە ئەوا سەرەتا بەپێی پلان 500 هەزار بەرمیل، دواتر 850 هەزار و لە کۆتایی ئه و ساڵەیشدا یەک ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.
بەپێی ئه و زانیارییانەی لە سەرچاوە ڕەسمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمە و، هەروەها ئاژانسی وزەی جیهان و ئاژانسی وزەی ئەمەریکاوە دەست کەوتوون، دەری دەخەن هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵدا واتە لە نێوان ساڵی 2003 بۆ 2013، بڕی 272 ملیۆن و 645 هەزار و 911 بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە.
راپۆرتەکەی ڕێکخراوی دۆر لە بەشێکی دیکەدا دەچێتە سەر پێشبینییەکان بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و دەڵێت، عێراق ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنانی دەگاتە 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، واتە زیادبوون بە ڕێژەی سەدا 60 و، بە ئاستی 1 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل.
ئەوە لە کاتێکدا بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم وا بڕیارە لە ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بگاتە 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا واتە نزیکەی سەدا 45-ی ئه و بەرهەمەی ئه و کاتە عێراق بەرهەمی دەهێنێت.
راپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە هەناردەکردنی غازی سرووشتیی هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا دەکات و، له و بارەیەوە ئاشکرای کرد کە، لە ساڵی 2017 هەناردەی غازی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ دەرەوە دەست پێ دەکات، بە جۆرێک لە سەرەتادا 55 ملیۆن پێ سێجا و، دواتر بۆ 120 ملیۆن پێ سێجا و، پاشان بۆ 200 ملیۆن پێ سێجا، بەرز دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی کوردستان، باس لە داهاتەکانیش دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە داهاتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 12-ی ئەمساڵ دەبێتە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دینار، هەرچی ئه و داهاتەیە لە چارەکی ساڵی 2015 مانگانە دەبێتە یەک تریلیۆن و 500 ملیار دینار.
بەپێی ڕاپۆرتەکەیش ئه و داهاتەی هەرێم لە نەوت دەستی دەکەوێت، هاوشانی ئه و قەرزەیە دەکرێت کە پێنج ملیار دۆلارە و بڕیارە حکوومەت قەرزی بکات تا چارەکی یەکەمی 2015 هەرێم دەگاتە دۆخێک پێویستی بە بەغدا نەبێت بۆ مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پڕۆژەکان.
- 18-11-2014