- وریا کوڕی مەلا ڕەئوفی سەعاتچییە کە خەڵکی #سلێمانی#یە و ساڵانێکی درێژ خێزانەکەیان لە شاری بەغدا نیشتەجێبوون.
- کاک وریا ساڵی 1946 لە بەغدا لەدایکبووە و لە باوەشی خێزانێکی کوردپەروەردا گەورەبووەو، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی و زانکۆی لە بەغدا تەواوکردووە. دەرچووی بەشێ ئینگلیزیی کولێژی ئادابی زانکۆی موستەنسریەی بەغدابوو، لە ڤیەناش لە زانکۆی ئەمریکی خوێندی و ماستەری لە زانستە سیاسییەکاندا وەرگرت.
- لەسەرەتای لاوییەوە چووەتە ڕیزی خەباتی کوردایەتی و لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی ئەوکاتەی بەغداوە، لە ساڵانی کۆتایی شەستەکاندا گیراوە و دوای ڕێکەوتنەکەی ئاداری 1970 ئازادکراوە.
- یەکێک بووە لە کادیرە پێشکەوتووەکانی پارتی د یموکراتی کوردستان و
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلولی کوردستان بەسەرۆکایەتی بارزانیی نەمر
یەکێکبووە لە کادیرە پێشکەوتووەکانی سەرکردایەتی کاتیی پارتی و پاشان
بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی گەل بە سەرکردەیی شەهید سامی عەبدورەحمان.
- ساڵانێک لە چیاکانی کوردستان پێشمەرگە بووە و، لەم ساڵانەی دواییشدا، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی چوونەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ماوەیەک بووە ئەندامی کۆمیتەی چاودێریی ناوەندی یەکێتی و تا لە ئەنجامی نەخۆشییەکی سەختدا لە کۆڕی تێکۆشان دوورکەوتەوە.
- کاک وریا لە زۆربەی قۆناغەکانی ژیان و تێکۆشانیدا و بەتایبەتی لەو ساڵانەدا کە لە چیاکانی کوردستان پێشمەرگەبوو، یان لە ڤیەنا و لە شام بوو، پەیوەندییەکی توندی دۆستانەی لەگەڵ هاوڕێیانی حزبی شیوعیی ئێراقدا و پاشان لەگەڵ هاوڕێیانی حزبی شیوعی کوردستاندا هەبوو، تێکۆشەرێکی چەپ و پێشکەوتنخواز بوو لە ڕیزی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و بەکۆچی دوایی کاک وریا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کادیرێکی دڵسۆزی لەدەستچوو.
کاک وریا سەعاتچی مرۆڤێکی چاونەترس و دڵسۆز و هۆشیار و ڕاستگۆ بوو، هەمیشە لەگەڵ یەکێتیی ڕیزەکانی حزب و هێزە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستاندا بوو، بە ڕاشکاوی ڕەخنەی زانستانەشی دەگرت. هەموو هاوڕێیانی و برادەرو دۆستانی لە کوردستان و دەرەوەیدا ئەو ڕاستیەی بۆ دەسەلمێنن.
جەلال دەباغ 30-11-2014.[1]