خەندان هەستیار
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و کانزاکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، ئەگەر لەگەڵ حکومەتی بەغدا نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوە تا کۆتایی ئەمساڵ هەرێم ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات و جگە لەوەش سەدا 17ی نەوتی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەفرۆشێت.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و کانزاکان لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: بەپێی پێشبینی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تا کۆتایی ئەمساڵ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشدەکرێت و لە مانگی شوباتیشدا کێشەی دارایی لە هەرێم نامێنێت.
وتیشی: "ئەگەر لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێککەوتن ڕەنگە زووتر کێشەکان چارەسەر ببن، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن، تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم دەگاتە 450 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکداو مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دەدرێت".
دڵشاد شەعبان ڕاشیگەیاند: لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوکات کێشەیەک لە هەرێم بەناوی قەیرانی داراییەوە نامێنێت و هەمووی چارەسەر دەبێت، چونکە جگە لە هەناردە کردنی نەوت بە بەردەوامی، ئه و پێنج ملیار دۆلار قەرزەش دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، چونکە پارەکە بۆ وەبەرهێنانە نەک مووچە.
لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە بودجه و مووچەی فەرمانبەرانی لێبڕاوە، لەدوای هاتنی عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عیراق بۆ هەرێم و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی تا ڕێککەوتن لەنێوان هەردوولادا دەکرێت، بەغدا 500 ملیۆن دۆلار وەک سلفە ڕەوانەی هەرێم بکات و هەرێمیش 150 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لە ڕێگەی بەغداوە بفرۆشێت، ئەمەش تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن دەکرێت.
- 22-11-2014