پاش داواکاردن و ناڕەزایی دەربڕینی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کوردان لەهەموو جیهاندا دژ بەتاوانەکانی دەستی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی (داعش)، دەرئەنجام پەرلەمانی ئەوروپا بەدەرکردنی بڕیاری 2971 تاوانی دژ بەشەنگال و ڕفاندن و توندوتیژی دژ بەئافرەتان و ڕاگواستنی بەتاوانی دژ بەمرۆڤ ناساند.
ئاوێنەنیوز: پەرلەمانی ئەوروپا له و بڕیارەیدا بەفەرمی چەند خاڵێکی گرنگی دەرکردو ڕایگەیاند ئەو تاوانانەی کە داعش ئەنجامی داون دژی خەڵکی شنگال و بەتایبەتی ڕفاندن و کوشتن و توندوتیژی و ڕاگواستن، تاوانی دژی مرۆڤن و دەبێت تاوانباران بەپێی یاسا سزا بدرێرن.
پرۆژە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژە بەکوشتنی و ڕفاندنی 3133 هاووڵاتی یەزیدی دەکات کە لەوانە 2305 کەسیان ڕفێندراون کە لەوانیش 412 یان منداڵن، بەپێی ئامارەکانیش لەنێوان 5000 تاکوو 7000 ئافرەتی ناوچەکە بەگشتی ڕفێندراون کە بەپێی زانیارییەکان لەتەلەعفەر لەپێنج سەنتەر ڕاگیراون.
هاوکات پەرلەمانی ئەوروپا داوا لەحکومەتی عێراق دەکات ببێت بەئەندام لە(Rom Statute) بۆ ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای بتوانێت بەدواداچوون بۆ تاوانباران بکات وەکو تاوانباری دژ بەمرۆڤایەتی.
پەرلەمانی ئەوروپا پشتگیری لەبڕیاری ئەمریکا دەکات بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم و عێراق لەشەڕی دژە تێرۆر، بەیارمەتی سەربازی و مرۆڤی، داواش لەوڵاتانی ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا دەکات هاوکاری زیاتری بکەن بەتایبەتی کە کاتی زستان و سەرما هاتووە، هەروها داوا دەکات کە یارمەتی ئاوارەکانی چیای شنگاڵ بدرێت.
لەیەکێک لەخاڵەکانی بڕیارەکەیدا، پەرلەمانی ئەوروپا داوا لەوڵاتانی ئەندام و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات یارمەتی زۆرتری ئاوارەکان بدەن بەتایبەتی منداڵان و ئافرەتان.
هەروەها داوا لەوڵاتانی ئەندام لەیەکێتی ئەوروپاو ڕێکخەری باڵای یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ یارمەتیدانی ئەو ئافرەتانەی کە لەدەست داعش ڕزگاریان بووەو ئەوانەی کە تووشی ناخۆشی بوونە، بەکردنەوەی سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەر کردن و گەیاندنی هاوکاری تەندروستی پێویست بۆیان.
- 28-11-2014