هێمن محەمەد
لە دوای ڕزگار کردنی سەعدییە و جەلەولا لە دەستی چەکدارانی داعش، هێزەکانی بەدری شیعە لە شارەدێی سەعدییە پێنج مزگەوت دەتەقێننەوە، کە یەکێکیان مزگەوتی (مەحمود پاشای جاف) ە و لە ساڵی 1893ی زاینی لە سەعدییە درووستکراوە.
محەمەد بەگی جاف، کەسایەتیی لە بەگزادەکانی جاف، لەو بارەیەوە بە خەندانی ڕاگەیاند: لە دوای ڕزگار کردنی سەعدییە و جەلەولا لە دەستی چەکدارانی داعش و چونەناوەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای بەدری شیعە بۆ ناوچەکە، ڕۆژی سێشەممە، 25 ی تشرینی دووەم، لەلایەن هێزەکانی بەدر پێنج مزگەوتی شارەدێی سەعدییە تەقێنراوەتەوە کە مزگەوتی مەحمود پاشای جافیشی تێدا بووە و لە ساڵی 1893 ی زاینی لە ناوچەکە درووستکراوە.
وتیشی: ئەو مزگەوتە سەرمایەیەکی مێژوویی و ئایینی گرنگ بووە بۆ کورد لەو ناوچەیە و لە ڕابردووشدا چەندین زانای ئایینی و شاعیری کوردی پێگەیاندووە، یەکێکیش لە نموونەکانی مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی یه.
محەمەد بەگی جاف، باسی لەوەشکرد، مزگەوتی مەحمود پاشای جاف، هاومێژووی مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخە و چەند ساڵێکی کەم لە دوای مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ درووستکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو: مزگەوتی مەحمود پاشای جاف لە شارەدێی سەعدییە، لە ساڵی 1893 ی زاینی لەلایەن ئەو پاشاییەی جافەوە درووستکراوە و تا کاتی تەقاندنەوەشی چوار قاڵیی تێدا ڕاخرابوو کە مێژوویەکی دێرینیان هەبووە و لە تەقینەوەکەدا لەناو چوون.
محەمەد بەگی جاف بە خەندانی وت: لە ڕابردوودا چەندین جار لایەنی ئێرانیی، داوایان کردووە لە بەرانبەر ئەو چوار قاڵییەدا چەند قاڵیی گرانبەهاتان دەدەینێ، بەڵام ڕەدمان کردۆتەوە.
ڕاشیگەیاند: مزگەوتە تەقێنراوەکەیان گۆڕی 100 نەوەی بەگزادەی جافی تێدایە، کە خۆشبەختانە لە کاتی تەقاندنەوەیدا بەر نەکەوتوون و ماونەتەوە.
-28-11-2014