دوای 33 ساڵ لە دەستنیشانکردنی یەکەمین حاڵەتی ئایدز، ئەم نەخۆشییە بووەتە بارگرانییەکی گەورە لەسەر سیستمە تەندروستییەکان و تا ساڵی ڕابردوو 39 ملیۆن کەسی کوشتووە کە چوار حاڵەتیان لە هەرێمی کوردستاندا بوون.
ئایدز بەهۆی ڤایرۆسی HIV بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگریی جەستە. بەپێچەوانەی ڤایرۆسەکانی دیکەوە، جەستە توانای کردنە دەرەوەی ئەم ڤایرۆسەی نییە، بۆیە کەسەکە بۆ هەتا هەتایە بە تووشبوویی دەمێنێتەوە.
لە ساڵی 1988 ەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕۆژی 1ی دیسەمبەری وەک ڕۆژی جیهانیی ئایدز دیاری کردووە کە تێیدا هەڵمەتی بەرفراوانی جیهانی دەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی سەبارەت بە نەخۆشییەکە.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە 2-4 هەفتە دوای بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە دەردەکەون و هاوشێوەی نیشانەکانی ئەنفلۆنزایەکی ئاسایین، پاشان نەخۆشییەکە بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بێدەنگ دەبێت و هیچ نیشانەیەکی نابێت، لە قۆناغی سێیەمدا نیشانە درێژخایەنەکان دەردەکەون وەکو دابەزینی کێش و کەڕووکردنی دەم و سورێنچک و هەوکردنی توندی سییەکان و تووشبوونی بەشە جیاوازەکانی لەش بە هەوکردن بەو بەکتریایانەی ئاسایی لە جەستەدا دەژین و کەسانی تەندروست نەخۆش ناخەن. هەروەها تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە. تووشبووانی ئایدز زۆربەی کات تا و بێهێزی و هەڵاوسانی لیمفەگرێکانیان هەیە.
بەگشتی ئەگەر چارەسەری پێویست وەرنەگرێت، کەسی تووشبوو لەدوای تووشبوونییەوە 9-11 ساڵ دەژی، بەڵام وەرگرتنی چارەسەری پێویست وادەکات کەسەکە ماوەیەکی زیاتر بژی.
لە هەموو قۆناغەکانی تووشبووندا کەسی تووشبوو دەتوانێت کەسانی دی تووش بکات.
لە کوردستان 4 کەسی کوشتووە
د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی دوا ئاماری نەخۆشیی ئایدز لە کوردستان بە (رووداو)ی گوت "ئەمساڵ 14 حاڵەتمان دەستنیشانکردوون کە 12 یان بیانین و 2 یان خەڵکی کوردستانن، کۆی حاڵەتە دەستنیشانکراوەکان لە کوردستان 17 حاڵەتن و تا ئێستا 4 کەس بەهۆی ئایدزەوە گیانیان لەدەستداوە".
لەسەر ئاستی جیهانیشدا تا ئێستا 39 ملیۆن کەس بە ئایدز مردوون و 35 ملیۆنی دیکەش ئێستا بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن کە 3 ملیۆنیان منداڵن. لەسەر ئاستی جیهاندا بە تێکڕا ساڵانە 2 ملیۆن کەس بەم نەخۆشییە دەمرن کە 270 هەزاریان منداڵن.
پشکنین بۆ کێ دەکرێت؟
پشکنینی ئایدز لە ڕێگای پشکنینێکی سادەی خوێنەوە دەکرێت، هەموو کەسێک بۆی هەیە داوا بکات ئەو پشکنینەی بۆ بکرێت و لە زۆربەی تاقیگە حکومی و تایبەتییەکاندا دەتوانرێت بکرێت.
د.فەرهاد مەجید، سەرۆکی بەشی ئایدز و هەوکردنی جگەر لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بە (رووداو) گوت، ئەوانەی ئێستا وەک ڕۆتین پشکنینی ئایدزیان بۆ دەکرێت، بریتین لە "ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستانەوە هاتوون، کرێکارانی بیانی، ئەوانەی هاوسەرگیری دەکەن، خوێنبەخشەکان، ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، ئەوانەی لە هوتێل و شوێنە گەشتیارییەکان و سەنتەرەکانی مەساج کاردەکەن".
مانگانە 5 هەزار پشکنین بۆ ئایدز
بە گوتەی د.فەرهاد، مانگانە لە سلێمانی نزیکەی 5000 پشکنینی ئایدز دەکرێن.
ئەوانەی دەردەکەوێت نەخۆشییەکەیان هەیە ئەگەر بیانی بن ئەوا ڕاستەوخۆ دەنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان، ئەگەر دانیشتووی کوردستانیش بن ئەوا ناویان لە نزیکترین سەنتەری خۆپاراستنی تەندروستی تۆمار دەکرێت. "جگە لە پێدانی چارەسەری مانگانە، نەخۆشەکان هۆشیار دەکرێنەوە سەبارەت بە سروشتی نەخۆشییەکە و ڕێگاکانی گواستنەوەی، ئەگەر خێزاندار بن پشکنین بۆ خێزانەکانیشیان دەکرێت" د.فەرهاد وایگوت.
وانەی ئایدز لە کوردستان
د.عەبدولفەتاح هەورامی، پسپۆڕی تەندروستی کۆمەڵ دەڵێت پێویستە ڕۆشنبیری دەربارەی ئایدز بکرێتە بەشێک لە پرۆگرامی پەروەردەی منداڵ "دەبێت لە تەمەنی 12 ساڵییەوە منداڵ سەبارەت بە ئایدز و ڕێگاکانی گواستنەوەی و مەترسییەکانی ئاگادار بکرێتەوە، ئەویش لە ڕێگای پرۆگرامی خوێندن و خولی مەشق و ڕاهێنانی پەروەردەیی، دایک و باوکی هۆشیاریش دەتوانن منداڵەکانیان سەبارەت بە ئایدز هۆشیار بکەنەوە".
لە ساڵی پارەوە ئایدز خراوەتە پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 9ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان.
بە چ ڕێگایەک دەگوازرێتەوە؟
وەک لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە، ڤایرۆسی HIV بەم ڕێگایانە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دی دەگوازرێتەوە:
1- سێکس: بە هەموو ڕێگاکانی جووتبوون (زێ، کۆم و دەم) ئەگەری گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە هەیە، بەڵام لە هەموویان بڵاوتر سێکسە لە ڕێگەی کۆمەوە. بەجۆرێک لە ئەمریکا 63%ی تووشبووەکان پیاوە هۆمۆکانن.
بەکارهێنانی کۆندۆم ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ ڕێگاگرتن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەنێوان هەردوو کەسەکەدا.
2- وەرگرتنی خوێنی کەسێکی تووشبوو بە ئایدز.
3- بەکارهێنانی دەرزی و سرنج و هەر کەرەستەیەکی تیژ کە بەر خوێنی کەسێکی تووشبوو کەوتبێت. ئەمەیان زیاتر لەنێو ئەوانەدا بڵاوە کە ماددە هۆشبەرەکان بەکاردێنن.
4- گواستنەوە لە دایکەوە بۆ منداڵەکەی لەکاتی سکپڕی، منداڵبوون یان شیرداندا.
- 01-12-2014