ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2015ی عێراق، ڕایگەیاند، کە پشکی کورد زیاترە لە 20 تریلیۆن دینار.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە وسەرچاوە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بەپێی پرۆژە بودجەی ساڵی 2015ی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان 18 تریلیۆن و 179 ملیار و 565 ملیۆن دینارە، ئەمەش ڕێژەی سەدا 17ی پشکی هەرێمی کوردستانە بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکانیشەوە.
دڵشاد شەعبان ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە بودجەی خەرجی سیادیی هەرێمی کوردستان پشکی سەدا 17ی هەیە، ئەو بودجەیەی، کە بۆ خەرجی سیادیی تەرخانکراوە، 11 تریلیۆن و 794 ملیار دینارە و پشکی کورد لەو ڕێژەیە نزیکەی دوو تریلیۆن و پێنج ملیار دینارە، بەمەش پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2015 دەبێتە 20 تریلیۆن و 184 ملیار و 565 ملیۆن دینار.
سەبارەت بە بودجەی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە وسەرچاوە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بەپێی پرۆژە یاسای بودجە، بودجەی تەرخانکراو بۆ هێزەکانی دەریایی، وشکانی و ئاسمانیی عێراق 35 تریلۆن و 277 ملیار و 591 ملیۆن دینارە، کە نزیکەی سەدا 23ی بودجەی عێراق دەکات، هەرێمی کوردستانیش تەنها هێزی وشکانی هەیە، بۆیە تەنها لە بودجەی هێزی وشکانی سەدا 17ی بۆ تەرخانکراوە، کە دەکاتە بڕی 1.2 تریلیۆن دیناری عێراقی.
هەروەها دەربارەی ڕێژەی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە ساڵی 2015، ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان ڕایگەیاند، کە بە پێی پرۆژەی بودجەی 2015، دەبێت عێراق ڕۆژانە 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات، بەڵام دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا ئەو ڕێژەیە زیاد دەکرێت بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیل.
بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2015، بودجەی عێراق 155 تریلیۆن و 989 ملیار دینارە، کە لەسەر بنەمای فرۆشتنی 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوت، دانراوە.
- 06-12-2014