وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی بە بڕی دوو ملیارو 365 ملیۆن دینار، دەرمانی قڕکەری حەشەرات دەکڕێت، بۆ ئه و مەبەستەش چوار گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک دەدات بۆ دابین کردنی ئه و بڕە دەرمانە بۆ جوتیارانی هەرێم.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، تیایدا هاتووە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و پان و بەدواداچوونی وەزارەت، چوار گرێبەستی لەگەڵ سمکۆ عەبدوڵڵا شەمسەدین، خاوەنی کۆمپانیای (ارچ یونیفیرت کوردستان) بۆ دابین کردنی پێداویستیی جووتیاران لە قڕکەری جۆراوجۆر واژۆ کرد.
هەروەک هاتووە: کۆی گشتی بەهای هەر چوار گرێبەستەکە دەگاتە دوو ملیارو 365 ملیۆن دینار، گرێبەستی یەکەم تایبەتە بە دابین کردنی قڕکەری جۆری ئەبالۆن بە گوژمەی 159ملیۆن دینار بە بڕی 5300 لیتر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان. دووەمیان بۆ دابین کردنی قڕکەری جۆری ڕاووند ئەپ بە گوژمەی 606 ملیۆن دینار، بە بڕی 50500 لیتر بۆ پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان، گرێبەستی سێیەم بریتییە لە دابین کردنی قڕکەری جۆری پڕۆپلانت بە گوژمەی 57 ملیۆن دینار بە بڕی 1900 کیلۆگرام بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، دوا گرێبەستیش بریتییە لە دابین کردنی قڕکەری جۆری پاڵاس بە گوژمەی یەک ملیارو زیاتر لە 543 ملیۆن دینار بە بڕی 16600 لیتر بۆ پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان.
ئەوەش خراوەتەڕوو: ئەم قڕکەرانە بە پێی گرێبەستەکە دەبێت لە ماوەی 90 ڕۆژدا دابین بکرێن.
- 11-12-2014