رەهێل سەمەد
ماوەی پێنج ساڵە کامیرای چاودێری تیژ لێخورینی ئۆتۆمبێل لە ناو شاری هەولێر و دەوروبەری بەکاردەهێندرێت، وەک وتەبێژی هاتوچۆی شارەکە ئاماژەی بۆ دەکات تەنیا کامیرای چاودێری بەس نیە بۆ کەکردنەوەی سەرپێچەکان، داواشدەکات بڕی ئەو سزایانە زیادبکرێت کە بەهۆی پابەند نەبوون بە یاسا و ڕێنمایەکان بەسەر شوفێر دەسەپێندرێت.
فازل حاجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە خەندانی ڕاگەیاند: بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕووداوانە و کەمکردنەوەی قوربانیەکان تەنیا کامیرای چاودێری بەس نیە، بەڵکو پێویستمان بە هەموارکردنەوەی یاسای 86ی ساڵی 2004 یاسای هاتوچۆی هەرێمە، بەجۆرێک بڕی سزاکان لەهەندێک بوار زیادبکرێت، چونکە ئەوەی ئێستا هەیە شوفێران ناچار ناکات پابەندی ڕێنماییەکان بن.
وتیشی: جگە لە سزای دارایی پێویستە سزاکانی هەندێک سەرپێچی بگاتە ئاستی لێسەندنەوەی مۆڵەت، تەنانەت بەندکردنیش، هەروەک لە وڵاتان پەیڕەو دەکرێت.
روونیشیکردەوە: ئەو سزایانەی بۆ سەرپێچیەکان داندراوە بەراورد بە وڵاتان زۆر نیە، بەڵکو سزایەکی کەمە، بەجۆرێک لەهەندێک وڵات بڕەکەی بۆ هەزار و 500 دۆلار دەچێت، هاوکات لە هەرێمی کوردستان جگە لە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن هیچ کەسێک تەنانەت کارمەندانی هاتوچۆ لەو سزایە نابورێن و پێویستە بیدەن.
هەروەک بەرێوەبەری ڕاگەیاندن و وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت زیاتر لە 60هەزار ئۆتۆمبێل لە پارێزگای هەولێر هەیە، لە نۆمانگی ئەمساڵدا 601هەزار و 302سەرپێچی تۆمارکراوە، هەرلەو ماوەیە هەزار و 122 ڕووداو ڕوویداوە و تێدا 3هەزار و 618 کەس برینداربوون و 295 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
- 12-12-2014