محەمەد پەژار، یەکەم شاعیری شەهیدی ڕاپەرین
شاعیر و ڕوناکبیر محەمەد پەژار #کەلار#ی ناوی (محەمەد حەسەن حەمید)ە لە ساڵی 1954 لە دێی کەلاری کۆن لە دایک بووە، قۆناغی سەرەتای خوێندن لە کەلار و ناوەندی لە #کفری# و پیشەی لە #کەرکووک# تەواو کردووە.
پەژار، هەر لەسەرەتای لاوێتیەوە خولیای ئەدەب و هونەر بە تایبەت شیعر نوسینی هەبووە و یەکەم شیعری خۆی لە گۆڤاری بەیان لە ئەیلولی 1975 بە ناوی (ئاوارەیی) بڵاوکردەوەتەوە کە ئەو کات تەمەنی 15 ساڵ بوە.
محەمەد پەژار، ئەندامی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی و یەکێتی ئەدیب و نوسەرانی کورد بووە، پەژار لە زۆرێک لە کۆڕ و کۆبنەوە ئەدەبی و ڕۆشنبیریەکاندا بەشدار دەبێت بە تایبەت ئەو دەمەی کە لە بەغدا فەرمانبەر دەبێت لە فەرمانگەی کارەبا.
هەر لە بەغدا لە ساڵی هەشتاکاندا لە ئێزگە و ڕادیۆی کوردی بەغدا بەرنامەیەک ئامادە و پێشکەش دەکات بە ناوی (کاروانی شیعر و مۆسیقا) و هاوکات بەرنامەیەکی مێژووی پێشکەش دەکات بە ناوی (چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی عێراق) کە دکتۆر کەمال مەزهەر ئامادەی دەکات، هاوکات بابەتی وەرگێڕدراویشی هەیە لە زۆرێک لە بڵاوکراوە کوردییەکانی ئەودەمەدا، ئەو دەمەی لە ساڵی 1988 دێتەوە کەلار کتێبخانەیەکی بچوک بە ناوی (کتێبخانەی کوردەواری) دەکاتەوە.
پەژاری شاعیر لە ساتەوەختی ڕاپەڕین و بە دەستی ڕێکخراوی مجاهیدینی خەلق لە #25-3-1991# شەهید دەکرێت و لە گۆڕستانی کەلاری کۆن بە خاک دەسپێردرێت، لە دوای خۆی مامۆستا ئەحمەد باوەڕ بەرهەم و شیعرەکانی لەدیوانێکدا بە چاپ دەگەیەنێت کە دوو جار چاپ دەکرێت، هەروەها سەرکۆ محەمەدیش بەشێک لە شیعرەکانی لە نامیلکەیەکدا چاپ کردووە.
ئامادەکردنی: سەباح عەلی جاف