دەمێک بوو گوێ بیستی (قەڵای سێگردکان) بوو بووم، بۆیە بەرواری(31-03-2003) ڕۆژی دوو شەممە، لەگەل(چاڵاک عەبدولخالق ئەمین)ی وێنەگری شەرمین لەتەقتەق و مامۆستا (عومەری مەلا عەبدولکەریمی سێگردکان ومامۆستا قوباد عومەر فەتحوڵلای برام) سەردانی گوندی سێگردکانم کردوو نیوەڕۆ لەماڵی مامۆستا(وهاب عەبدولکەریمی سێگردکان) بووینە میوان و دوای نیوەڕۆ بەرەو ئاقاری(بان قەڵات) بەرێ کەوتین، جگە لەمانەی باسم کرد، هەریەک لە(مەلا ڕەفیق برای مەلا عەبدولکەریمی سێگردکان و لالە عومەری مام عەزیز)یشمان بوونە هاوسەفەر و هاوڕێی گەشتەکەمان، بەژووروی گوندەکە بەسەر دۆلی(مێرەم کوژرای) ڕێگامان گرتە بەر و چوینە سەرگردی(سورکەل) و ڕێگای کاروانی گوندەکە لەژورووی ڕۆژئاوا، لاڕێی(ژەنگار، قەڵامۆرد)، کە خەڵکی گوندەکە بەم ڕێگایە بۆ(بەلەبان ومیرکە ونێرەگین و بەستی شەرغە) ڕۆیشتوون، لەڕێگادا بەلای دەستەچەپ لای خواروو(موردەلی ئەحمەکلاو) و(موردەلی ئەحمەسیس)یش لەبەشی سەروویدایە، لەلای دەستەڕاستی ڕێگاش(لوتکی ئیمام عەلی)یە، کە بە30دەقیقە گەیشتینە لای بە پێ ڕۆیشتن لەئاواییەوە، لای ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە(تەلەمۆرد ودۆلەخەزێنە)یە، لەبەشی خوارووی قەڵاکە(قەڵاتەمۆرد یان شیوی قەڵاتە مۆردە)، لەسەرووی ڕۆژهەڵاتی(لوولە وشک)ە، و لەڕۆژئاواشی(بلباسەلە)یە، لەئاواییەوە تاسەر قەڵاکە بەپێ ڕۆیشتن(50)دەقیقەی خایاند، کە گەیشتینە سەر قەڵاکە تێبینی ئەوەم کرد کە هەموو پێکهاتەکانی قەڵاکە سروشتیە ولەگردێک پێکهاتووە بەشی خوارەوەی(سورکە) و بەشی سەرووی بەهەرچواردەوری بە(ڕەوەزە شاخێک)دەورە دراوە، ئینجا سەرقەڵاکە خاک وخۆڵە، تەنها دوو توولە ڕێ هەبوو بۆ سەرکەوتن یەکێکیان لەباشوری خۆرئاوا و ئەویتریان لە باشوری خۆرهەڵاتیدا، بەڵام تابڵێی ڕێگاکە ناخۆشە ئەگەر منداڵ و بەساڵاچوو و پەککەوتە بیت ناتوانیت سەر بکەویتە سەرقەڵاکە، کە گەیشتینە سەر قەڵاکە زەوییەکی قیناجی(بەدگونیە)ی فراوانمان بینی، نزیکەی یەک دۆنم(2500)مەتر دووجایە، بەلای ڕۆژهەڵاتدا لێژایی هەبوو تا بەرەو ڕۆژئاوا بچوبایەی بەرزتر دەبوو، لەبەشی ڕۆژئاوای سەرقەڵاکە(بیر)ێک هەبوو زۆر بەسروشتی دەچوو، بەڵام دەستکار بوو بەپانی(2)مەتر لەڕووی سەرەوەی پان بوو تا بەرەو خوار و قولایی بیرەکە دەچووی فراوانتر دەبوو، قولیەکەی نەمابوو پڕبوو بۆوە ئەوەندەی کەمابوو تەنها(5)مەتر قوڵایی مابوو، لالە عومەری مام عەزیز ووتی"لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوو ئەو بیرەم بینیوە(100)مەتر قوڵ بووە"، بیرەکە بەوە ناچوو بۆ ئاو خواردنەوە لێدرابێت، دوو بیروبۆچونم لەلا گەڵالە بوو بۆ بیرەکە، یەکەم: لەوانەیە زیندانی بوو بێت یاخود دوای کوشتنی دووژمن یا نەیاران ڕووفاتەکەی فڕێ درابێتە نێویەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ بنی بیرەکە نەزانراوە چی تێدایە تا ئەم بیروبۆچوونە پەسند بکرێت یان بەلاوە بنرێت.
بیروبۆچوونی دووەم: ئەوەیە وەک ڕێگا و مەنفەزێک بووبێت بۆ دەرچوون و دەربازبوون لەکاتی تەنگانە وشپرەزەبوون چونکە دەووترێت لەبەشی ڕۆژهەڵاتی لەدامێنی قەڵاکە کونێکی گەورە هەیە و نەزانراوە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە، بەدووری ئەم بیرە سێ بیریتر دەبینران لەسەر قەڵاکە، بەڵام ئەوبیرانە بەوە دەچوو وەک(بیرەگومانانە) خەڵکی ئەم دواییانەی سێگردکان لێیان دابێت بەمەبەستی دۆزینەوەی پارچەی شوێنەواری و زێڕ و زیوو، واش دەردەکەوت کە ئەمانیش لەبنەڕەتدا بیربووبن بەڵام ڕۆژگار پڕیکردونەتەوە، سەرم لەم بیرانە دەرنەچوو، بۆ(3-4)بیر لەتەک یەکتری لێدراون؟! تا ئەوەندە گەڕانە لەسەر قەڵاکە بەهیچ جۆرێک لەمێراب و قشراغی خانووم نەبینی تەنها کەرتە خشتی سوورەوەکراو نەبێت، بەلای لێژایی ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە کەندڕێک ئاوی باران دڕیویەتی لەو کەندڕەدا کۆنە مێراب و گۆزەی شکاو وئێسک وپروسکم بینی، ئەو سێگردکانیانەی لەگەلم بوون ووتیان"گۆڕ و قەبریشمان لێ بینیووە" بەڵام من هیچ شتێکی لەو شێوەیەم نەبینی، کەندڕەکە بەقولایی(1)مەتر زیاتر لەلێژایی ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە ئاو دڕیوویەتی، ئەو خشتە سوورەوەکراوانەی کەمن بینیم پێوانەم کرد(16×16)سانتیمەتر بوون(پانی و درێژی) واتە خشتەکان چوارگۆشە بوون و بەرزیەکەیان(5)سانتیمەتر بوو، ئەوە حەقیقەتی(قەڵای سێگردکانە) ئەوەندەی چاو بیبینێ، بەڵام دڵنیام ئەگەر(کنەکاری و پشکنین)ی بۆ بکرێت مێژوویەکی کۆن وەدەر دەکەوێت و یەکێکە لەگردە شوێنەوارییەکانی ناحیەی سێگردکان، دوا قسە لەسەر قەڵاکە لالە عومەر عەزیز ووتی" لەمەلا ئەحمەدی کوێر دەگێڕنەوە گوایە ووتویەتی کوپەیەکی زێڕ لەناو ئەم قەڵایە یە، لەوەرزێک لەگەل خۆر دەرکەوتن و سپێدە خۆر لێی دەدات" کەواتە خەڵکی گوندەکە هەندێکیان بەدوای ئەو قسەیەوە وێڵن و زۆر چاڵ و چۆڵیان لەسەر گردەکە هەڵکەندووە بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەم کوپەزێڕە، بەڵام بەداخەوە وەرزەکەی دیاری نەکردووە چ جای ڕۆژەکە؟!.