هێمن محەمەد
بەپێی ئاماری ساڵی 2014 ی بەشی پزیشکی دادوەریی کەلار کە بۆ خەندان نێردراوە، تیایدا 353 حاڵەتی گیانلەدەستدان و شەهیدبوون تۆمار کراون، هاوکات لە ئاماری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلاریشدا ئه و حاڵەت و ڕووداوانە خراونەتەڕوو کە نەگەیشتوونەتە ئاستی مردن و چارەسەرییان بۆ کراوە.
بەپێی ئاماری بەشی پزیشکی دادوەریی کەلار 353 حاڵەتی گیان لەدەستدان و شەهیدبوون لە 2014 دا تۆمار کراون، له و ڕێژەیەش 284 یان لە ڕەگەزی نێر، 69 یان لە ڕەگەزی مێ- ن، کە دیارترینیان دەخەینەڕوو، بەمشێوەیە:
لە ڕووداوی ئۆتۆمبێلدا 72 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 56 یان لە ڕەگەزی نێر، 16 یان لە ڕەگەزی مێ، بوون. 78 پێشمەرگە و ئاسایش و هاوڵاتی لە شەڕەکانی دژ بە داعش و بە گوللە شەهید بوون، تیایدا 69 شەهیدیان لە ڕەگەزی نێر و 9 ی دیکە ڕەگەزی مێ بوون.
هەر لە ئامارەکەدا، حاڵەتەکانی مردن بە هۆکارە جیاوازەکانی دیکە خراونەتەڕوو، بەمشێوەیە:
گیانلەدەستدان و شەهید بوون بەهۆی تەقینەوەی تیرۆریستی و تەقینەوەی جۆراوجۆر 97 حاڵەتی تیادا تۆمار کراوە، کە 90 یان لە ڕەگەزی نێر بوون.
15 کەس لە ئاودا خنکاون، 10 کەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون، پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی خۆ هەڵواسینەوە تۆمار کراون، له و ڕێژەیەش چواریان لە ڕەگەزی نێر و یەک کەس لە ڕەگەز مێ بووە.
هەشت هاوڵاتی بە تەزووی کارەبا گیانیان لەدەستداوە، چوار پیاو و چوار ئافرەت بوون.
دوو کرێکار لە کاتی کارکردندا و بەهۆی کەوتنە خوارەوەیان لەسەر بینا، گیانیان لەدەستداوە.56 هاوڵاتی بە نەخۆشیی گیانیان لەدەستداوه و دواتر لە پزیشکی دادوەریی پشکنین لە هۆکاری مردنەکەیان کراوە.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلاریش، لە ساڵی 2014 دا، 822 بریندار لە هاوڵاتی و پێشمەرگه و ئاسایش تۆمار کراون کە لە شەڕەکانی دژ بە داعش و تەقینەوەکاندا بوونەتە قوربانیی.
لە ئامارەکەدا هاتووە، 554 برینداری ڕووداوی هاتوچۆ، 219 ڕووداوی ماتۆڕ، 35 ڕووداوی تەزووی کارەبا، 21 هەوڵی خۆ کوشتن کە حەوتیان لەرێگەی حەب خواردن بووە، 282 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و 24 حاڵەتی پێوەدانی مار، تۆمار کراون، سەرجەمی ئه و ژمارانەش چارەسەریان بۆ کراوە نەگەیشتوونەتە حاڵەتی مردن.
- 31-12-2014