رۆژنیوز ئارێز گەرمیانی
لە ماوەی چوارساڵی ڕابردوودا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 500 پرۆژە لە سێکترە جیاوازەکان ئەنجامدراون وئەو قەیرانە ئابوریەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە کاریگەری لە سەر گەرمیانیش دروست کرددووە لە ئەنجام نەدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە قائیمقامی قەزاکانی گەرمیان و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی تێدا ئامادەبوون، یونس ئەحمەد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا واتە لە نێوان سالانی (2011 بۆ2014) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاروچکە و شارەدێیەکانی گەرمیان لە سێکترە جیاوازەکاندا و (یەک تریلۆن و 243ملیون و 184)هەزار دیناری عێراقی بۆ تەرخان کراوە و لەو پرۆژانەدا سەرفکراوە.
وتیشی ئەو (527) پرۆژەیەی کە لە ناوچە جیاجیاکانی گەرمیان ئەنجامدراوە، (297) پرۆژەی بری (248 ملیار و 131ملیون)دیناری عێراقی تێچووە و (230) پرۆژەی خزمەتگوزاری تریشی لە ئێستادا لە بواری جێ بەجێکردندایە و زیاتر لە 750 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا کۆی ئەو برە پارەیەی بۆ پرۆژە جیاجیاکانی ئیدارەی گەرمیان دابینکراوە لە سێکترە جیاوازەکان لە بودجەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پەرەپێدانی پارێزگاکان و وەبەرهێنان و تەواوکاری نەوتی یەک و دوو و بوژانەوەی گەرمیان و پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.
یونس ئەحمەد ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو قەیرانە دارایەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە کاریگەری لە سەرئیدارەی گەرمیانیش هەبوو لە ڕوو خزمەتگوزاریەوە، چونکە لە ئێستادا بەو هۆیەوە چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری ڕاوەستاون و لە لایەکی تریشەوە شەری داعش کاریگەری خۆی هەبووە.