هێمن محەمەد
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان، لە ساڵی 2014 دا (549) کەس بوونەتە قوربانی ڕووداوەکان، له و ژمارەیەش چل و هەشت کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ئەوانی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ 5 ی کانونی دووەمی 2015، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ ساڵی 2014 خستەڕوو کە تیایدا عەمید ناسر ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند: "لە ساڵی 2014 دا (340) ڕووداوی هاتووچۆ لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان تۆمارکراون، کە (91) ڕووداویان وەرگەڕان بوون و (191) ڕووداوی پێکدادانی ئۆتۆمبێل بووە و (58) ی دیکەیان شێلان بوون، تیایاندا (501) هاوڵاتی بریندار و (48) هاوڵاتی تر گیانیان لەدەستداوە".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان ڕوونیشیکردەوە له و کەسانەی گیانیان لەدەستداوە چوار قوربانییان تەمەنیان لەنێوان (1-15) ساڵ، (30) کەسی تریان تەمەنیان لەنێوان (15-30) ساڵ بووە، له و ژمارانەش (32) قوربانییان لە ڕەگەزی نێر و ئەوانی تریش لە ڕەگەزی مێ بوون، بریندارەکانیش کە (501) کەس بوون (394) یان لە ڕەگەزی نێر و (107) قوربانیی تر لە ڕەگەزی مێ بوون."
وتیشی: "شەست و سێ ڕووداو لەرێگای کەلار-سلێمانی، حەفتا و یەک ڕووداو لە ڕێگای کەلار- کفری و سی و سێ ڕووداویش لەڕێگای کەلار-خانەقین ڕوویان داوە، چوار ڕووداویش لەڕێگای کەلار- جەلەولا تۆمار کراون، (314) له و ئۆتۆمبێلانەی تووشی ڕووداو بوون لە جۆری تایبەت، (143) یان بارهەڵگر، (48) یان تاکسی، (44)یشیان مۆتۆرسکیل بوون، زۆربەی ڕووداوەکانیش بەهۆی خێرایی زۆرەوە بووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە 2014 نزیکەی 74 هەزار سەرپێچی جۆراوجۆر ئەنجامدراون، تیایدا هەزار و 770 شۆفێر دەستگیر کراون و ئەوانی تریش غەرامە کراون".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە چاو ساڵی 2013 دا ڕووداوەکان ڕوویان لە کەمبوونەوە کردووە.
لای خۆشیەوە، ڕائید عەبدولڕەزاق عومەر، بەرپرسی هۆبەی هونەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان، ڕایگەیاند: "لە 2014 دا هەژدە مۆڵەتی لێخوڕین پوچەڵکراونەتەوە کە چواردەیان لە جۆری تایبەت بوون".
وتیشی: "له و ساڵەدا هەشت هەزار و 837 مۆڵەت بە هاوڵاتیان دراوە، تیایاندا بیست و شەش ئافرەت مۆڵەتی گشتییان پێدراوە، 974 ئافرەتی تر مۆڵەتی جۆری تایبەتیان پێدراوە، ئەوەش لەچاو ساڵانی پێشوودا ڕووی لە زیاد بوون کردووە."
- 05-01-2015