رەهێل سەمەد
قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە کاریگەری لە سەر بودجەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش هەیە و وەک بەرپرسانی فەرمانگەی ئه و ڕێکخراوانە ئاماژەی بۆ دەکەن، لەساڵی ڕابردوو کار و چالاکییەکانیان بەراورد بەساڵی ڕابردوو کەمتر بووە، ڕاشیدەگەیەنن بۆ ئەمساڵ بارودۆخەکە جیاواز دەبێت و ئەوان لەچەندین لاوە کار بۆ دابیکردنی بودجە بۆ ڕێکخراوەکان دەکرێت.
شوان ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە خەندانی ڕاگەیاند: ئێمە وەکو فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان لەهەوڵداین بودجەی پاڵپشتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ ئەمساڵ دابینبکرێت.
شوان ئەحمەد وتیشی: جگە لەوەی هەوڵی دابینکردنی بودجە دەدەین، کار بۆ زیاد کردنی بڕەکەشی دەکەین، چونکە لەماوەی ڕابردوو بڕی 15 ملیار دینار لەبودجەی هەرێم بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان دانراوە کە ژمارەی ڕێکخراوەکان نزیکەی 900 ڕێکخراو بوو، بەڵام لەکاتی ئێستا ژمارەیان دەگاتە 2 هەزار و 400 ڕێکخراو کە ناویان تۆمار کراوە.
جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕاشیگەیاند: هەرچەندە کاری ڕێکخراوەکان خۆبەخشیە و دەتوانن بەبێ بودجە کارەکانی خۆیان بکەن، بەڵام واقیعی هەرێمی کوردستان ئەوەی دەرخستوە کە نەبوونی بودجەی پاڵپشتی ڕێکخراوەکان جۆرێک لە گرفتی دروست کردووە، هەروەک لەساڵی ڕابردوو بیندرا، کەبەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندرا بودجەیان پێبدرێت.
پێشیوابوو: لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا ڕێکخراوەکان وەکو پێویست نەیانتونیوە کەناڵی دارایی بۆخۆیان دەستەبەر بکەن، بۆیە تاکە کەناڵ بۆدابینکردنی بودجە، فەرمانگەی ڕێکخراوەکانە بۆیان، لەگەڵ ئەوەش چەندین ڕێکخراو لەساڵی ڕابردوو توانیویانە پرۆژەکانی خۆیان لە ڕێگای ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆمپانیاکان و داموو دەزگاکانی تری حکومەتی هەرێم جێبەجێ بکەن.
- 05-01-2015