پەرلەمانتارێکی گۆڕان ئاشکرای دەکات بەهۆی کەمتەرخەمی، حکومەت مانگانە "بە ملیۆن دۆلار" دەداتە کۆمپانیایەک کە وێستگەیەکی کارەبای دامەزراندووە، بەبێ ئەوەی کۆمپانیاکە تاوەکو ئێستا بەشی داگیرساندنی گڵۆپێکیش کارەبای دابێتە حکومەت، چونکە هێڵ نییە بۆ گواستنەوەی کارەباکە.
فایەق مستەفا ڕەسوڵ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لەرێگەی ڕاپۆرتێک بۆ وەزارەتی کارەبا، بە ژمارە و داتا باسی دۆخی کارەبای کردووە و کۆپییەکی ئەو ڕاپۆرتەش دەست (رووداو) کەوتووە. لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو بڕە کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت تێچوویەکی یەکجار زۆری هەیە و قورسترین باری سەر بودجەی گشتییە کە ساڵانە بڕی خەرجی لە وزەی کارەبادا "4 تاوەکو 5 ملیار دۆلار دەبێ". پەرلەمانتارەکە ئەم خەرجییە بە "بڕێکی ترسناک" نێودەبات.
1400 مێگاوات کارەبا کورتهێنان هەیە
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرجەم وێستگەکانی کارەبا توانای بەرهەمهێنانی 4172 مێگاواتیان هەیە، بەڵام لەو بڕە ئێستا تەنیا نزیکەی 3000 تاوەکو 3100 میگاوات بەرهەم دەهێنرێت. پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 4400 مێگاواتە، واتە نزیکەی (1400) مێگاوات کورتهێنان هەیە، هەر ئەوەشە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا.
تێچووی کارەبا و شێوازی گرێبەستەکان
فایەق مستەفا لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات لە هەرێمی کوردستان و دەڵێ "سووتەمەنی وێسگەکانی کارەبا لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە دابین دەکرێ. بەپێی داتاکانی ئەو وەزارەتە هەر لیترێک گاز ئۆیل نزیکەی 1100 دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، هەر یەکەیەکیش لە 24 کاژێردا یەک ملیۆن لیتری لەگاز ئۆیل پێویستە بۆ ئیشپێکردن، کەواتە ئەگەر 12 یەکە بە گاز ئۆیل ئیش بکەن، لە 24 کاژێردا 12 ملیۆن لیتریان پێویستە کە نرخەکەی دەکاتە 13 ملیار و 200 ملیۆن دینار (11 ملیۆن دۆلار) و لە مانگێکدا دەکاتە 341 ملیۆن دۆلار و لە ساڵێکدا چوار ملیار و 92 ملیۆن دۆلار". ئەمەش تەنیا تێچووی سووتەمەنییەکەیە جگە لەوەی بۆ هەر کیلۆ وات کاژێرێک، حکومەت "3.2 سەنت دەداتە کۆمپانیا، واتە لە 24 کاژێردا دوو ملیۆن و 304 هەزار دۆلار دەداتە کۆمپانیاکان".
ئەو پەرلەمانتارە کە 17 ساڵ ئەزموونی هەیە لەبواری بەرهەمهێنانی کارەبا، باسی هەندێ لە بەندەکانی گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات و دەڵێت "لەهەر کاتێکدا هەر یەکەیەک لە ئیش دەربچێت کە هۆکارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ نموونە بوونی کێشە و گیروگرفت لە سیستمی کارەبادا یان دابیننەکردنی سووتەمەنی، ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ کڕینی کارەباکە دەدرێت (100%) لەسەر حکومەت حیسابە و دەبێ بیدات بە کۆمپانیا، بۆ نموونە لە ڕۆژانی 6 و 16 و 21/11 هەروەها 17/12 کە بەهۆکاری کێشەی تەکنیکی لە سیستمی کارەبادا سەرجەم یەکەکانی وێستگەکان لەکارکەوتن و لە ئیش دەرچوون بۆ ماوەی 27 کاژێر، نزیکەی دوو ملیۆن 430 هەزار دۆلار لەسەر حکومەت کەوتووە، واتە بەبێ ئەوەی کارەبا هەبێت حکومەت ئەو بڕە پارەیەی لەسەر حیساب بووە".
وێستگەی خورمەڵە
فایەق مستەفا لەو ڕاپۆرتەدا باس لە بەهەدەردانی بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆر دەکات کە لە حکومەتەوە دەدرێتە کۆمپانیایەک کە وێستگەی کارەبای خورمەڵەی داناوە، بێ ئەوەی یەک خولەکیش کارەبا بدات.
ناوبراو دەڵێت "توانای بەرهەمهێنانی ئەم وێستگەیە 640 مێگاواتە، گوایە بەهۆی کێشەی دابیننەکردنی سووتەمەنی و ئیدارییەوە لەکاتی تەواوبوونییەوە کاری پێ نەکراوە".
پەرلەمانتارەکە لەو ڕاپۆرتەدا ڕوونیدەکاتەوە "بەپێی گرێبەستەکە لە مانگێکدا پێویستە حکومەت بڕی نۆ ملیۆن و 142 هەزار دۆلار بداتە کۆمپانیاکە، کە لە ساڵێکدا دەکاتە 109 ملیۆن و 707 هەزار دۆلار بەبێ ئەوەی تەنیا یەک کیلۆ وات کارەبا بدات".
فایەق مستەفا کە لە پەرلەمانی کوردستان ئەندامی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکانە، بۆی ڕوون نییە کە بۆچی ئەو وێستگەیە کارناکات "تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی زۆر ڕوون نییە کە بۆچی ئیشی پێ ناکرێ، بەڵام ئەوەی کە من بیستوومە لەسەرچاوەیەکەوە گوایە بەهۆی نەبوونی هێڵی گواستنەوەی کارەباوە ناتوانن ئیشی پێبکەن، ئەمە جگە لە بێ پلانی هیچی دیکە نییە، چونکە ناکرێ وێستگەیەک بەو بڕە کارەبایە دابمەزرێنی و بیرت لە ئامادەکاریی بۆ گواستنەوەی کارەباکەی نەکردبێتەوە".
وێستگەی خورمەڵە ماوەی چوار مانگە تەواو بووە و حکومەت پارەکەی دەدات و بەرهەمەکەی نەبینیوە. ئەو پەرلەمانتارەش سەری لەوە سوڕماوە کە حکومەت ئەو هەموو پارەیەی داوە و دەڵێ "لەو چوار مانگەدا حکومەت نزیکەی 36 ملیۆن و 570 هەزار دۆلاری داوە بۆ کارەبایەک کە بەرهەم نەهاتووە".
فایەق مستەفا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە "80 یەکەی دیکەی بەرهەمهێنان لەجۆری دیزڵ کە بە موەلیدەکانی (سەقەر) ناسراون و بە هەموویان نزیکەی (160) مێگاوات توانای بەرهەمهێنانیانە، ئێستا ئیشیان پێ ناکرێت، گوایە کێشەی تەکنیکییان هەیە کە لەکاتی خۆیدا ملیۆنەها دۆلاریان تێچووە".
"کارەبا ون نابێت"
ئەو پەرلەمانتارە باسی ڕێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبا دەکات لە هەرێمی کوردستان و داوا دەکات ڕێکاری بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی ئەو سەرپێچیانەی کە وەزارەت بە وزەی ون بوو ناوی بردووە و بەبڕی 33% مەزەندەی کردووە. ئەو دەڵێت "لەڕاستیدا ئەمە ونبوون نییە، بەڵکو ئەمە سەرپێچی و زیادەڕەویە، چونکە لەڕووی تەکنیکییەوە وزەی ونبوو پێوەر و ڕێژەی ستانداردی خۆی هەیە کە زۆر لەوە کەمترە و ئەم بڕە لە وزە دەچێتە خانەی سەرپێچی و بەهەدەردان و پێویستە چارەسەری بەپەلەی بۆ بکرێت".
وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان
- وێستگەی غازیی هەولێر 1000 مێگاوات
- وێستگەی غازیی سلێمانی 1000 مێگاوات
- وێستگەی غازیی دهۆک 1000 مێگاوات
- وێستگەی باعەدرێ 140 مێگاوات
- وێستگەی خورمەڵە 640 مێگاوات
- سێ وێستگەی دیزڵ لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک 29 مێگاوات
- وێستگەی تاسڵوجە51 مێگاوات
- وێستگەی دوکان 400 مێگاوات
- وێستگەی دەربەندیخان 249 مێگاوات
- 15 مێگاوات لەئێرانەوە دێت بۆ پێنجوێن
- 130 مێگاوات لە تورکیاوە دێت بۆ زاخۆ
- 12-01-2015