بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان ئامار و کار و چالاکی ساڵی 2014 ی خستەڕوو، بە پێی ئامارەکە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان بەتایبەتی لەڕووی تاوانە گەورەکان ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لەلایەن بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەگەرمیان بە وەکالەت، نەقیب ڕۆکان هیدایەت، بەڕێوەچوو، ئامار و کار و چالاکی ساڵی 2014 بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خرایەڕوو کە بەمشێوەیەیە: 946 حاڵەتی جۆراوجۆر تۆمارکراون و لە ناو ئه و حاڵەتانەش دوو حاڵەتی کوشتن، سێ خۆکوشتن، 20 سوتان، 11 خۆسوتاندن، 10 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، 900 سکاڵاش تۆمارکراوە.
نەقیب ڕۆکان وتیشی :" هەر بەپێی ئامارەکە بەروارد بە ساڵی 2013، حاڵەتەکانی توندوتیژی بەشێوەیەکی گشتی کەمیکردووە به و پێیەی له و ساڵەدا شەش حاڵەتی کوشتن، پێنج خۆکوشتن، 25 سوتان، حەوت خۆسوتاندن، حەوت حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، 505 ساکاڵا هەبووە کە کۆی گشتی 555 حاڵەتی جۆراو جۆرە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، کە :" ڕاستە لە ساڵی 2014 لەڕووی سکاڵاوە حاڵەتەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە لەوانە: "کردنەوەی نوسینگەی خانەقین و کەلار و هۆبەی ڕزگاری کە سنوری ئیشوکارەکانی فراوانتر کردووە".
ئاماژەی بەوەشدا، کە هاوکات هوشیاری کۆمەڵگا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لایەنێکی ترەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، لە مانگی 7ی ساڵی 2014، دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە درا بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی و لە توندوتیژی دژ بەرەگەزی مێینەوە بواری کارکردن فراوانترکرا بۆ چوارچێوەی خێزان بۆ نموونە یەکێک لە کوژراوەکانی ساڵی 2014 لە ڕەگەزی نێرە و بەشێکی سکاڵاکانیش لەلایەن ڕەگەزی نێرەوە تۆمارکراوە.
ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکە هەر توندوتیژییەک بچێتە چوارچێوەی خێزانەوە کاری لەسەر دەکات و وەکو دۆسیە وەریدەگرێت.
هەر لە گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، نەقیب ڕۆکان کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی خستەڕوو، لەوانەش ئەنجامدانی 109 چالاکی جۆراوجۆر کە ئامانج تیایدا کەمکردنەوەی توندوتیژی بووە و ئەنجامدانی ئەم چالاکییانەش لەکاتێکدایە کە گرفتی قەیرانی دارایی کێشەی گەورەی لەبەردەم ئیشوکارەکان دروستکردبوو.
لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەن لیژنەی ئاشتەواییەوە کە بەڕێوەبەرایەتی گەرمیان ئەندامە لە لیژنەکە 54 سکاڵا وەرگیراوە و له و ژمارەیەش 48 دۆسیەیان چارەسەرکراوە.
هەر بەپێی ئامارەکە لە ساڵی 2014، لەلایەن بەشی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی و نوسینگەکانەوە، 291 بەدواداچوون بۆ کێشەکان کراوە، 156 کێشەیان چارەسەر بووە، 51ی داخراوە، 36 حاڵەتی ئیحالە کراوە و 48 کێشەش بەردەوامە.
هەروەها له و ساڵەدا، بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان 44 ئافرەت داڵدە دراون کە زۆربەیان لە سنووری شاری کەلار بووە، له و ژمارەیەش 34 کەسیان کێشەکەیان چارەسەر بووە، 10 ئافرەتیش دۆسییەکانیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
لەکۆتاییدا بەهۆی هاوکاری و یارمەتیدانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و هەروەها هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی، ژمارەیەک ڕێکخراو و مامۆستای زانکۆ و ئایینی و چالاکی مەدەنی و نوسینگەکانی سەر بەڕێوەبەرایەتی گەرمیان، خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.
- 14-01-2015