بەگوێرەی ماڵپەڕی گڵۆبەڵ فایەر پاوەر بەهێزترین سوپای وڵاتانی جیهانی ڕیزکردووە و لەوەشدا پشتی بەزیاتر لە 50 هۆکار بەستووە لەوانە بودجەی گشتی سوپا، ژمارەی سەربازی چالاک، بڕی ئه و چەک و تەقەمەنییەی لەبەر دەستی هەر سوپایەکدا هەیە.
نوێترین لیستی ئه و ماڵپەڕە بۆ نیسانی ڕابردوو واتە پێش ئەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، لەعیراق و سوریادا بڵاوببێتەوە، دەگەڕێتەوە.
لەلیستی بەهێزترین سوپاکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تورکیا پلەی یەکەمی گرتووە. ئەم سوپایە کڵاوەی ئەتۆمی نییە، بەڵام خاوەنی 410 هەزار سەربازی چالاکە و 14 ژێردەریایی هەیه و بودجەکەی 18 ملیار و 185 ملیۆن دۆلارە.
بە پلەی دووەم ئیسرائیل دێت کە بودجەکەی 15 ملیار دۆلارە، 176 هەزار سەربازی ئەکتیڤی هەیه و 80 تا 200 کڵاوەی ئەتۆمی هەیه و خاوەنی 3870 دەبابەیە و هەروەک تورکیا 14 ژێر دەریایی هەیە. بودجەکەشی 15 ملیار دۆلارە.
بەپلەی سێیەم سوپای میسر دێت کە بودجەکەی چوار ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە. خاوەنی 468 هەزار سەربازی چالاکە، بەڵام کڵاوەی ئەتۆمی نییە.
ئێران پلەی چوارەمی لیستەکەی گرتووە کە خاوەنی 545 هەزار سەربازی ئەکتیڤە و بودجەکەی شەش ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە.
سوپای عیراقیش پلەی دەیەم بەهێزترین سوپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە. خاوەنی 271 هەزار سەربازی چالاکە. بودجەکەی شەش ملیار و 55 ملیۆن دۆلارە.
- 28-01-2015