ساڵی ڕابردو پاککردنەوەی کێلگە مینرێژکراوەکان بەبەراورد بە 2013 بەڕێژەی 45% کەمیکردوە وەک ئەوەی بەڕێوەبەری کاروباری مین ڕایدەگەیەنێت، دەشڵێت، لەهەمان کاتدا قوربانیانی ڕوداوەکانی مین کەمیکردوە.
زریان محەمەد، ئاوێنەنیوز: بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لەسلێمانی، سەباح حەمەخان ئەمڕۆ چوارشەممە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تیمەکانی ڕوپێوی تەکنیکی ئامادەکاری لە 358 ناوچەی پیسبو بەڕوبەری 47 ملیۆن مەتر دووجا کاریانکردوه و 20 ملیۆن مەتر دوجا لەڕوبەری مەترسیدار ئازادکردوه و دەتوانێت سودی لێوەربگیرێت و بەبەراورد بە 2013 بەرهەمەکە بەڕێژەی 43% زیادیکردوە.
وتیشی، ساڵی 2014 ئه و کێڵگانەی پاککراونەتەوە 19 دانەیە بەڕوبەری 400،000 مەتر دوجا، بەڵام لەساڵی 2013 ئه و کێڵگانەی پاککراونەتەوە 23 دانەیە بەڕوبەری 722.000 مەتر دوجا بەرهەمەکە بەڕێژەی 45% کەمی کردوە هۆکارەکەشی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی گرێبەستی ئۆتۆمبێلەکانی تیمەکان.
سەبارەت بەژمارەی قوربانیان بەڕێوەبەری کاروباری مین وتی، لەساڵی 2014 قوربانیانی مین و تەقەمەنی بریتیبوە لە 11 قوربانی کە 9 دانەیان هاوڵاتین و دوانیان کارمەندی بواری پاکسازی مین بون، بەڵام ساڵی 2013 قوربانیان 30 کەس بوە.
لەسنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بەگشتی تائێستا 9221 قوربانی مین هەیە له و ڕێژەیە 4050 کەسیان گیانی لەدەستداوە و 5171یشیان بریندارە.
دەربارەی بەناوچە مەترسیدارەکانی کوردستانیش سەباح حەمەخان وتی، پێنجوێن 52 ملیۆن مەتر دوجا زەوی ماوە پابکرێتەوە بەڕێژەی 14%، شارباژێڕ 42 ملیۆن مەتر دوجای ماوە بە ڕێژەی 25%، پشدەر 23 مەتر دوجا بەڕێژەی 28%، هەڵەبجە 14 ملیۆن مەتر دوجا بەرێژەی 49% ماوە پاکبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا بەشداریانکردوە لەبەرەکانی جەنگدا بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتی هەبونی هەر مینێکی چێندراودا و کاریانکردوە بۆ لابردنی و ئامادەشن بەردەوامبن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا.
- 28-01-2015