پەیامێک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە.
شەهیدبوونی ئەم دوو فەرماندەیە، ئاماژەی گەڕانەوەی گیانی بەرزو بەرپرسیارانەی پێشمەرگانەیە.
چەند ڕۆژێکە تیرۆریستانی داعش، دوای خۆ ئامادەکردن و بەرنامەرێژی، پەلامارێکی بەرفراوانیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەناوچەکانی کەرکووک، لەم هێرشانەدا دەیانوویست خەونی گڵاوی خۆیان بە داگیرکردنی شاری کەرکووک تاقی بکەنەوە. بەڵام ئازایەتی و نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی خۆڕاگری کەرکووک ئەو خەونە تاریکەیانی بەتاڵ کردەوە. بەڵام بەداخەوە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە خوێنی پۆلێک پێشمەرگەو فەرماندەی قارەمان تۆمارکرا، بەتایبەتیش هەردوو فەرماندە(لیوا شێرکۆ شوانی و لیوا حسێن مەنسور) کە هەر لە سەرەتای پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعشەوە، ئەم دوو فەرماندەیە سەنگەرەکانی پێشەوەیان چۆڵ نەکردو دەیان نەبەردی و سەرکەوتنی گەورەیان بۆ مێژووی پێشمەرگە و گەلەکەمان تۆمار کرد.
شەهیدبوونی ئەم دوو فەرماندەیە و چەندین بەرپرس و فەرماندەی تری هێزی پێشمەرگە، ئاماژەی گەڕانەوەی گیانی بەرزو بەرپرسیارانەی پێشمەرگانەیە کە هەمیشە بەرپرس و فەرماندەی پێشمەرگە وا گۆشکراون دەبێت لە پێشەوەی بەرگریکردنبن.
لە کاتێکدا بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەشکست پێهێنانی پلانی گرووپی تیرۆرستی داعش دەکەین، پرسەو سەرەخۆشی خۆشمان ئاڕاستەی یەکە یەکەی خێزان و بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکانی ئەم نەبەردییەش دەخوازین.
نەمری بۆ شەهیدان، سەرکەوتن بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
د. یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
31-01-2015