لە 18ی ئازاری 2011ەوە شۆڕشی سوریا دەسیپێکرد و لە ماوەی 47 مانگی ڕابردوو تا 5ی شوباتی ئەمساڵ، نزیکەی دوو ملیۆن کەس له و وڵاتە کوژراون و برینداربوون.
بەپێی ئه و ئامار و ژمارەیەی کە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبەردەستیدایە، لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە، 210 هەزار و 60 کەس کوژراون، یەکەم قوربانیی کڵپەی شۆڕشەکەش لە شاری درعاوە بوو کە گڕی شۆڕشی خۆشکرد.
بەپێی ئامارەکەی بەردەستی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، له و ژمارە کوژراوە، 100 هەزار و 97 کەس هاوڵاتیی مەدەنین کە 10 هەزار و 664یان منداڵ و شەش هەزار و 783یان سەروو تەمەنی 18 ساڵ و 35 خوڤار ز 827ی دیکەش سەربە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و گروپە ئیسلامییەکانن.
ژمارەی کوژراوانی نێو چەکدارە جیابووەکان لە ڕژێمی سوریا گەیشتووەتە دوو هەزار و 498 کەس و زیانەگیانییەکانی ئه و ڕژێمەش نزیکەی 45 هەزار و 385 سەربازە، ئەمە جگەلە لە کوژرانی 29 هەزار و 943 چەکداری بەرگریی نیشتمانی و کەتیبەکانی بەعس و لیژنە میللییەکان و حزبی سوریی نەتەوەیی و بەرەی ڕزگاریی میللیی لیوای ئەسکەندەرون کە بە شەبیحە ناو دەبرێن و سەرجەمیان سەربە ڕژێمی بەشار ئەسەدن.
هەر لە ئامارەکەدا هاتووە کە لە شەڕی سوریادا 640 چەکداری حزبوڵای لوبنان کوژراون و ژمارەی لایەنگرانی ڕژێمەکەی ئەسەدیش کە بە ڕەگەزی بیانی و عەرەبی و ئاسیاوی و ئێرانین، گەیشتووەتە دوو هەزار و 502 کەس.
سەبارەت بە زیانەکانی بەرەی نوسرە و ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و چەند گروپێکی دیکە بەناوی (جنود الشام) و (جند الاقصی) و کەتیبەی خەزرا و چەکدارە بینانییەکانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکا و ئوسترالیا، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە کە زیانە گیانییەکانیان گەیشتووەتە 24 هەزار و 989 کەس.
بەگوێرەی ڕوانگەکە تائێستا ناسنامەی سێ هەزار و 130 کوژراو نازانرێت، بەڵام بە بەڵگە و ڤیدیۆوە ئامارەکە لەلایەن ڕوانگەی سوریا هەیە.
ئەم ئامارەی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەیەکی بێشومار لە بێسەروشوێن و زیندانی و کەسانی ڕفێنراو و دیلەکانی سوپا و گروپە چەکدارەکان و هاوڵاتیی مەدەنی لەخۆ ناگرێت کە بەمجۆرە خوارەوە ڕیزبەند کراوە:
- چارەنووسی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە گرتووخانە و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی سوریا دیار نییە.
- چارەنووسی نزیکەی حەوت هەزار بەدیلگیراوی سوپا و چەکدارانی لایەنگری بەشار ئەسەد و زیاتر لە دوو هەزار ڕفێنراو کە لەژێردەستی هێزی ئۆپۆزسیۆن و گروپە چەکدارەکاندان.
- چارەنووسی هەزار و 500 چەکداری کەتبیە ئیسلامییەکان و داعش و بەرەی نوسرە لەلای سوپای بەشار ئەسەد کە شەڕڤانانی کوردیشی تێدایە.
- چارەنووسی چوار هەزار هاوڵاتیی مەدەنیی ڕفێنراو لە گرتووخانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
سەبارەت بە بریندارەکانیش، ڕوانگەی سوریا باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی 47 مانگی شەڕدا، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لە سوریا برینداربوون یان بەهەمیشەیی پەکیان کەوتووە، زیاتر لە نیوەی گەلی سوریاش ئاوارە بوون و ژێرخانی ئابووری و موڵکی تایبەت و گشتی زیانی گەورەیان پێگەیشتووە و بەتەواوی داڕماون.
- 08-02-2015