رەهێل سەمەد
بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی عیراقەوە، زۆرینەی پێکهاتە جیاوازەکان ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان لێکوژراوە.
لەمیانەی کۆنفرانسی پاکتاوی ڕەگەزی لە عیراق کە ئەمڕۆ 8ی شوباتی 2015 لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو ڕاپۆرتێک لەبارەی قوربانییەکانی پێکهاتە ئایینیەکانی عیراق خرایەڕوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە "لەماوەی ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا نزیکەی نیوەی مەسیحییەکان عیراقیان جێهێشتووە و لەکۆی 800 هەزار کەس تەنها 400 هەزاریان لە عیراق ماون".
لە ڕاپۆرتەکەدا دەربارەی سائیبەکان هاتووە کە "لە کۆی 70 هەزارکەس، تەنها 7 هەزار کەسیان لە عیراق ماون، هەرچی ئێزدییەکانیشن زیاتر لە نیوەیان بوونەتە قوربانی بەتایبەتی له و ناحیانەی کە سەربە پارێزگای نەینەوا بوون."
ئەوەش خراوەتەڕوو کە " 512 هەزار مەسیحی ئاوارەیە، کە 350 خێزانیان لە سلێمانین و شەش هەزار خێزانیان لە پارێزگای دهۆکن و 13 هەزار خێزانیان لە پارێزگای هەولێرن و 1109 هاوڵاتی مەسیحیش کوژراون و 115 هێرشیش کراوەتە سەر کەنیسه و مەزارە دینییەکان".
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە 430 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون و 2300 کەسیشیان لێ کوژراوە و 4217 کەسیشیان ڕفێنراوە و 17 شوێنی ئاینیش تەقێنراونەتەوە 65 هەزار کەسی ئێزدیش عیراقیان جێهێشتووە".
شەبەک-یش کە پێکهاتەیەکی عیراقین، 200 هەزار ئاوارەیان هەیە و 300 کەسیان کوژراوە و 150 کەسیان ڕفێندراوە و سەرجەم گوند و مزگەوت و حسێنییەکانیان وێرانکراون، تورکمانەکانیش 35 هەزار خێزانیان ئاوارەیە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندراوە کە سەرجەمی ئاوارەکانی ناو هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 250 هەزار کەسن و دەیان کەمپیان بۆ کراوەتەوە.
- 08-02-2015