مەلا یوسف کوڕی خەلیفە ئەحمەدی مەلا یوسفی گەورەی خەلیفە مارفە، کە باپیرە گەورەی یەکێک لە بنەماڵە دامەزرێنەرەکانی ئاوایی #گڵێجاڵ#ە لە پشتکێوی بەمۆی باشوری #هەڵەبجە#.
$لەدایکبوون و خوێندنی:$
لە دەوروبەری 1915 لە ئاوایی گلێجاڵ (مەڵبەندی شارەدێی بەمۆ) لە بنەماڵەیەکی مەلا زادە لە دایکبووە، سەرەتا لای مەلا فەتاحی مامی خوێندوویەتی لە گوندی خۆیان، پاشان زۆر مەدرەسە و حوجرەیتر گەڕاوە بۆ خوێندنی مەلایەتی لەوانەش: گوندی چنار، #عەبابەیلێ#، مزگەوتی تەکیەی هەڵەبجە، فەقێ جنە، #پێنجوێن#، تەوێڵە، پریس، هەروەها باسی ئەوەش هەیە چووبێتە شاری #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مزگەوتی شێخی گەیلانی لە بەغدا، لەکۆتا وێستگەی فەقێیەتیشدا لەسەردەستی زانای ناسراوی دەڤەری هەڵەبجە، مەلا ساڵحی گەورە، لە گوندی تریفە لە دەوروبەری ساڵی 1945 مۆڵەتی مەلایەتی الإجازة العلمیة ی وەرگرتووە.
$مامۆستا و هاوسەردەمەکانی:$
ئەو مامۆستایانەی لەکاروانی فەقێیەتیدا وانەیان بەمەلا یوسف وتووە و تا ئێستا ناویان زانراوە، بریتی بوون لە: مەلا محەمەدی مەلا عەبدوڵڵای عەبابەیلێ، مەلا شەفیق کۆکۆیی، مەلا حەسەنی عەبابەیلێ، مەلا عابدی عەبابەیلێ، مەلا عەبدولعەزیزی پریس، مەلا ساڵحی گەورە.
دیارترین هاوفەقێ و هاورێکانیشی مەلا مەجیدی دەوڵەت ئاوای #جوانڕۆ#یی بووە، بەپێی ئەو دەستخەتانەشی لێی بەجێماوە هاوڕێیەتی و ناسراوی لەگەڵ مەلا ڕەشیدی پاوەیی و زۆرێک لە فەقێکانی ساڵانی سییەکان و نیوەی یەکەمی چلەکانی هەڵەبجە هەبووە وەک؛ مەلا عەلی کۆکۆیی و مەلا عوسمان سۆفی و مەلا حەمە ئەمین سەراوی، وا دەرەکەوێ هاورێی عەرەبیشی هەبووبێت و ئاشنایەتیشی لەگەڵ هەندێ کەسایەتی جولەکەدا هەبووە لە هەڵەبجە.
$ئاستی ڕۆشنبیری:$
جگە لە بابەتەکانی شەرعزانی، مەلا یوسف کەسێکی ڕۆشنبیر بووە، زمانەکانی عەرەبی و فارسی زانیوە، شارەزایی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە، خاوەن بۆچوونی تایبەتی خۆی بووە و کەسێکی چاوکراوە و زیرەک بووە، وەک مەلا مەحمودی گەڵاڵە ئاماژەی پێکردووە، لەدەمی خۆیدا کاریگەر بووە بە بەرهەمی ڕێبەرە منەوەرە چاکسازیخوازە ئیسلامییەکانی قوتابخانەی میسری. مەلا ساڵحی گەورە کە لە 1945 مۆڵەتی شەرعی پێداوە، هەندێکجار بەنمونە باسی ئازایەتی و زیرەکی مەلا یوسفی بۆ فەقێکانیتر کردووە.
$ناکۆکی مەلا یوسف لەگەڵ شێخ$
ئەوانەی لەنزیکەوە مەلا یوسفیان ناسیوە دەڵێن بۆچوونی وەهابووە، ئەگەر خەڵک زەکاتی خۆیان لەبەر خوا بدەن، ئەوە پێویست ناکات بیدەنە شێخەکان، چونکە ئەو هیچ خاوەن موڵک و ماف نین لە زەوییەکانی میری بەتایبەت هی گوندەکەی (گلێجاڵ) کە زەوی ئەمیری بوون، ئەم قسەیەشی بە ڕاشکاوی بە شێخ و پیاوانی شێخ وتووە، خەڵکیشی هانداوە، موڵکانە بەشێخ نەدەن، وەک حمەی مەلا کەریم دەڵێت زەکات دانی بە شێخ بەپێچەوانەی دادگەریی ئیسلام زانیوە، هەروەها لێی بیستراوە وتویەتی شێخ چییە خەڵک زەکات و ماڵی خۆیانی پێ بدەن، ئەم جۆرە بیرکردنەوەو تێڕوانینەش ئەوکاتە لەناو بەشێکی ناوەندی ئاینی هەڵەبجە و بەتایبەت لە مزگەوتی تەکیە و فەقێکانی وەک مەلا مەجیدی دەوڵەت ئاوا بڵاو بووە کە دژی دەرەبەگایەتی پەردەپۆش بەئاین و شێخێتییەوە وەستاونەتەوە.
$کوژرانی مەلا یوسف:$
چەند مانگێک لەپاش مۆڵەت وەرگرتنی و لەدەمی گەڕانەوەیدا بۆ زێدی خۆی؛ گڵێجاڵ، بەمیوانی، بەدەستی کەسێک بەناوی (حەمە چەتە) کە خزمەتکاری ماڵی شێخ زاهیدی کوڕی شێخ عەلائەدینی بیارە بووە لە هاوینی 1946، بە فیشەکی بڕنەو لە کەناری جۆگەیەکی ئاودێریدا کوژراوە، بۆ دڵنیابوون لەگیان دەرچوونیشی دەمارەکانی دەستی بەچەقۆ بڕدراوەتەوە. پاشان تەرمەکەی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە گوزاراوەتەوە بۆ هەڵەبجە کە شوێنی پەروەردە بوونی بووە، هەر لەوێش لە گۆڕستانی شێخ ئیسماعیل ئەسپەردەی خاک کراوە.
$رووداوەکانی پاش کوشتنەکەی:$
لە کاردانەوەی کوشتنەکەیدا، خزمانی مەلا یوسف ئاگریان لە کەپری ماڵی شێخ زاهیدی شێخ عەلائەدین بەرداوە، کە تەنها سێ مانگ بوو هاتبووە گوندەکە (1946). هەرچەندە هیچ زیانێکی گیانی لە کەپرەکەدا نەبووە، بەڵام بۆ تۆڵە کردنەوەی ئەمە، لەشکرێک لە موریدانی شێخ لە گوندەکانی بەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) هێرشیان کردوەتە سەر گڵێجاڵ و سەرجەمیان تاڵان کردووە، خەڵکی گوندەکەش ئاوارە بوون بۆ گوندەکانی دەوروبەر: بەلەسۆ، پشتە، گمە، هۆرێن و..هتد، قۆناغی ئاوارەیی گوندەکەش چەند مانگێکی پێ چووە.
$بەسەرهاتی بنەماڵەی مەلا یوسف$
لە هێرشی موریدانی شێخ بۆ سەر ئاوایی گڵێجاڵ، جگە لەتاڵانی ماڵات و کەل و پەلی خەڵکی ئاواییەکە، بنەماڵەی مەلا یوسف بەچڕی کراونەتە ئامانج و ئەم زیانانەیان لێ کەوتووە:
1 مامێکی بچوکی مەلا یوسف، بەناوی قادری مەلا یوسف، دەستگیرکراوە، پاشان لەزیندان لەبارودۆخێکی تەمومژاوی و گوماناویدا گیانی سپاردووە.
2_ مامێکیتری مەلا یوسف بەناوی عەبدوڵڵای مەلا یوسف، فیشەک بەر ناوشانی کەوتووە و بریندار بووە، بەهۆی کوژرانی کەسێک لە هێرشبەرەکانەوە کە ناسراوی بووە و ویستویەتی بەرگری لێ بکات ڕزگاری بووە.
_ ئامۆزایەکی باوکی مەلا یوسف (تۆفیقی مەلا فەتاح)، لەترسی گرتن، هەڵهاتووە بۆ ناو خزمانی دایکی لە گوندی ئەزگڵەی ئێران و تا نزیکەی 20 ساڵ نەگەڕاوەتەوە.
$کاردانەوەکانی کوشتنەکە$
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کە مامۆستای مەدرەسەی بیارە بووە، باس لەوە دەکات بەهۆی کوشتنی مەلا یوسفەوە فیتنەو ئاشوبێکی نالەبار لەوبەری سیرواندا بەرپا بووە ئەمەش لەسەر دڵی شێخی بیارە؛ عەلائەدینی شێخ عومەر، قورس بووە، هەروەها ئەم ڕووداوە یەکێک بووە لەهۆکارەکانی ئەوەی کاتب و موعتەمەدی چەند ساڵەی شێخ کە ناوی سەید مەزهەر بووە بیارە بەجێ بهێلێت. لەدەرەوەی خانەقای بیارەش لەناوەندی ئاینیدا زۆر کەس کوشتنی مەلا یوسفیان زۆر پێ ناخۆش بووە بەتایبەت مەلاکانی هەڵەبجە کە هاوڕێ و هاوخەمی یەکتر بوون و مەلا عەبدولعەزیزی پریس لەسەر ئەوە ناڕەزایەتی دەربڕیوە.
$سەرچاوەکان:$
مەلا عومەر عەبدولعەزیز ئەلحوسەینی: نامەیەک بۆ برایانی عەشیرەتی گڵێجاڵ، 21- 10- 2003، دەسخەت، ناوەندی کوردستان زانکۆی #سلێمانی#.
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس: ڕۆژگاری ژیان، یاداشت و بیروەرییەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، ئامادەکردنی ڕەئووف مەحمودی، انتشاراتی کردستان، سنە، 2015، لا 229.
بەرزان ئەحمەد: مەلا یوسف چۆن لەلایەن شێخێکی هەورامانەوە تیرۆر کرا؟! گۆڤاری ستاندەر ژمارە 25، ساڵی سێیەم، حوزەیرانی 2008، لا 14_19.
بنەماڵەی مەلا یوسف: موحسین موفتی لەچ سەردەمێکدا دەژی؟ وەڵامێک بۆ پاساو هێنانەوەی تاوانێک کە بەر لە شەست ساڵ ویژدانی زۆرێکی هەژاند، ڕۆژنامەی ستاندەر ژمارە 38، 21 تەمموز، 2008 لاپەڕەکانی 11_13.
رۆژنامەی کۆمەڵ: گەشتێک بەژیان و فیداکاریی مەلا یوسف ی گڵێجاڵ، ژمارە 21 لە 7 ئازاری 2002، لاپەڕە 7.
چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلا عەلی کۆکۆیی، مەلا عوسمان سۆفی، مەلا حەمە ئەمین سەراوی، حاجی حەمە تۆفیق دەروێش لە هەڵەبجەی شەهید (هاوفەقێ و هاورێیانی مەلا یوسف)
چاوپێکەوتنی م. عادل صدیق لەگەڵ حەمەی مەلا کەریم، 2006.
چاوپێکەوتن لەگەڵ شایەتحاڵەکانی ئاوایی گلێجاڵ: مەحمود مستەفا، محەمەد سبحان، زینەت ئەحمەد، محەمەد مەلا فەرەج.
زاناو کەسایەتی کورد مامۆستا مەلا ساڵحی گەورە: ژیاننامەی زانای مەزن (مامۆستا مەلا صاڵح)ی گەورە، بەشی حەوتەم، بەردەستە لە لینکی: https:--bit.ly-2ZYDaxE.
[1][2]