رەهێل سەمەد
وەک بەرپرسانی لقی هەولێری یەکێتی جوتیارانی کوردستان ئاماژەی بۆ دەکەن، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەشت مانگ، تەنیا سەدا 30 جوتیاران پارەی ئەو گەنمەیان وەرگرتوە کە لەساڵی ڕابردووە پێشکەش بە سایلۆکانیان کردووە.
سلێمان عوسمان هاوسەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی جوتیارانی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لەمانگی شەشی ساڵی ڕابردوو جوتیاران بەرهەمی گەنم-یان پێشکەش بە سایلۆکانی هەولێر کرد، تاکو ئێستا تەنیا سەدا30 ئەو جوتیارانە پارەکانیان وەرگرتووە.
سلێمان عوسمان وتی: "وەک لقی هەولێری یەکێتی جوتیارانی کوردستان بەدواداچوونمان بۆ ئەو کێشەیە کردووە، بەڵام تائێستا هیچ دەنگۆیەک نییە بۆ هاتنی پارەکانی تر"، جەختیشی لەوە کردەوە کە هۆکارەکەشی وەزارەتی بازرگانی عیراقە، نە هەرێمی کوردستان.
هاوسەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی جوتیاران ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکرەوە کە حکومەتی هەرێم پارەی جوتیارانی بۆ مووچەی فەرمانبەران بەکارهێنابێ، وتیشی: "ئەو پارەیەی لەرابردوو لە بەغداوە هاتووە دابەشکراوە و چاوەڕوان دەکەن لەداهاتوو ئەوانی تریش بدرێت".
ساڵی ڕابردوو نرخی وەرگرتنی گەنم بۆسەر سێ پلە دابەشکرا، کە تەنی گەنمی پلە یەک بە 792 هەزار دینار و پلەدوو بە 682 هەزار دینار و و پلە سێ بە 572 هەزار دینار بوو.18-02-2015