با یاساو کەلتوری کۆنەپەرستانەی دژی ژنان بسپێرین بە مێژوو!
لە دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆماڵی بۆرژوازی کوردەوە، ئاڵوگۆڕێکی ڕوو لەپێش بە قازانجی ماف و ئازادیەکانی ژنان ڕووی نەداوە. یاسای باری کەسێتی ڕژێمی بەعس کە بەپێی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام دیاریکراوە، لەلایەن دەسەڵاتی کوردایەتیەوە جێبەجێکراوە و پارێزگاری لێکراوە، لەکاتێکدا دەبوایە سەرجەم یاساکان، بە یاسای باری کەسێتیشەوە، بە زبڵدانی مێژوو بسپێردرایە و یاسای پێشکەوتوو و مۆدێرن و یەکسانیخوازانە لەجێگایان دابرێژرایە و کاریان پێبکرایە. لەوەش نەخوازراوترو ترسناکتر بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەنجامدانی توندوتیژی و چوونەسەری ئاماری ئەتککردن و کوشتنی ژنانە لەژێر سایەی دەسەڵاتی "بۆرژوازی خۆماڵی"دا.!
لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا فەرهەنگ و کەلتوری پیاوسالاری و بە کەم سەیرکردنی ژنان زیاتر پەرەیان پێدراوە. فرە ژنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بەفەرمی ناسراوە. دەستی مەلاو مشەخۆرانی ئیسلامی سیاسی ئاوەڵاکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهراوی جیاکاری لەدژی ژنان و هێشتنەوەیان وەکو کۆیلەی سێکسی پیاوان. تفەنگچیەکانی عەشیرەت و بنەماڵەو تەنانەت حزبەکانیش بەبیانوی کڕینەوەی شەرەفەوە ژنان خەڵتانی خوێن دەکەن و لە دیوەخانەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداردا خوێنەکەی سەوداو مامەڵەی پێ دەکرێت و تاوانبار بە بێ سزا بۆی دەردەچێت. تەنانەت ئەوانەیان کە بەهەرجۆرێک بووە ڕێگایان دەکەوێتە ناو زیندانەکانی حکومەتی هەرێمەوە، ناوبەناو بە لوتفی سەرۆکی هەرێم و لێبوردنی گشتی ئازاد دەکرێن !
لەماوەی 23 ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوازی کوردا، هەمیشە لە هەوڵی کپکردنی دەنگی نارەزایەتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازدا بوون، دژایەتی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان کراوە، ڕێگری و سەرکوت لەدژی هەڵسوڕانی ڕێکخراوی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخواز بەڕێخراوە. دەسەڵاتی بۆرژوا- ناسیۆنالیستی کوردو هاوکارە ئیسلامیەکانی هەموو هەوڵێکیان بۆئەوە بووە کەکەسایەتی ژنان بشکێنن و لەجێگاورێگای پلەدوویی و بێمافی و سەرکوتکراویدا بیان هێڵنەوە.
بەڵام سەرباری هەموو ئەو سەختی و دژواریانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان پێکهێنراوە، هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ یەک سات خەباتیان لەپێناو بەدیهێنانی مافە بنەڕەتیەکانی ژنان لە سەر ئاستی یاساو لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نەوەستاندووە. دوابەدوای نەخشی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی چەکداری دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لە "کۆبانی"یش، کە بیروبۆچون و یاسا کۆنەپەرست و دژە ژنەکانی کردە ئەفسانەیەکی پوچ و تێکشکاو و مەرسومی مافەکانی ژنانی لە کانتۆنی جەزیرە بەداوی خۆیدا هێنا، هێزو توانای بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو سەر هەڵکشاوەو ئومێدەکان زیاتر گەشاونەتەوە. ئەمساڵ نەک هەر ئیرادەی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بە ئاقاری توندکردنەوەی خەباتە بۆ هەڵپێچانی یاسای کۆنەپەرستی باری کەسێتی عێراقی، بەڵکو میزاجی گشتی ژنان و ئازادیخوازانی کۆمەڵگای کوردستان بەقازانجی دەستەبەربوونی مافەکان و یەکسانی ژنانە لەگەڵ پیاواندا.حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە سۆنگەی بڕوابوونیەوە بە یەکسانیی هەمەلایەنەی ژن و پیاو، "یاسای یەکسانی ژن و پیاو، ئەڵتەرناتیڤێک بۆ یاسای باری کەسێتی عێراقی"ی ڕاگەیاندوە، وەکو پلاتفۆرمێک بۆ مافەکانی ژنان لە 8 ی مارسی ئەمساڵدا دەیخاتە بەردەم هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و کۆمەڵگا بەو ئومێدەی کە لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانەوە بەدەستەوە بگیرێت و ببێتە ناوکۆکەی یەکخستن و کۆکردنەوەی تواناکان و بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی بەهێز لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسێتی جێگیرکردنی ئەم یاسایە لەجێگای.
بژی خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لەپێناو چەسپاندنی یاسای یەکسانی ژن و پیاو!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
مارسی 2015