بەپێی خەبەرە گەیشتووەکان لە پیرانشار سەرلە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 15ی سەرماوەز خوێندنگەیەکی سەرەتایی کچان لە ئاوایی "شیناوێ"ی نزیک بە شاری پیرانشار ئاوری گرتووەو لە ئەنجامدا 37 کچە قوتابیی پۆلی چواری سەرتایی تووشی سووتان و برینداربوون هاتوون.
ژمارەیەک لەو منداڵە سووتاوانە کە برینەکانیان قورس بووە، بۆ چارەسەر کردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارەکانی دەورووبەر کراون و بەپێی دوایین هەواڵ و زانیارییەکان چەند کەس لەو منداڵە بەرکەوتوانە باری تەندورستییان ناجێگرە و مەترسیی مردنیان لەسەرە.
هۆی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە ئاگرگرتنی سۆبەیەکی نەوتی بووە کە بۆ گەرم کردنی کلاسی دەرسی ئەم منداڵانە کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە گوندی شیناوێ لوولەکێشی گازی بۆ کراوە و زۆربەی دانیشتوانی بۆ پێویستییەکانیان لە گاز کەڵک وەردەگرن، بەڵام هێشتا بۆ گەرم کردنی ئەو قوتابخانە لە کوورەی نەوتی کەڵک وەرگیراوە.
بێگومان هۆی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە کە ماوەبەماوە بۆ قوتابییەکان دێتە پێش و بەشێکشیان لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو دەبنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی ولێنەپرسینەوەی بەرپرسانی حکوومەت ء بایەخنەدان بە گیانی قوتابییان. لەم هەڵومەرجە دژوارەدا کەلە سایەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا خەڵکی ئێران بەگشتی و قوتابییان و لاوان ڕۆژانە بەرەوڕووی نەهامەتی و لێقەوماوی زیاتر دەبنەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە نالەبارە خەریکی دەستێوەردان و بە فێڕۆدانی سەروەت و سامانی ئەو خەڵکە برسی و لێقەوماوەیە لە وڵاتانی دیکە.
ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی ئەو سیاسەتە دژی گەلییەی ڕێژیم، داوا دەکەین بنەماڵەی هەموو قوتابییانی قوتابخانەی گوندی شیناوێ و باقی قوتابخانەکانی پیرانشار، بە پشتیوانیی هەموو خەڵکی پیرانشار بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ زەخت بخەنە سەر ڕێژیم بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەم ڕووداوە لێپرسینەوەیان لێ بکرێ و بەسزای خۆیان بگەن بۆ ئەوەی چی دیکە منداڵانی ئێمە نەبنە قوربانیی ئەو چەشنە کەمتەرخەمییانە.
هەروەها وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان لەو ڕووداوە دڵتەزێنە، هاودەردیی خۆمان لەگەڵ هەموو قوتابیانی پیرانشار و بەتایبەت قوتابییانی برینداری قوتابخانەی شیناوێ دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەی خێرایان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
16/1391/9ی هەتاوی
06-12-2012ی زایینی