خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
قوتابیان وخوێندکارانی کوردستان
رۆژی 2ی ڕەشەمە ڕێکەوتی بیست و یەکی فێوریە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە. لە ساڵی 1952 کۆمەڵێک لە لاوان و خوێندکارانی وڵاتی بەنگلادش کە ئەوکات بەشێک بوو لە وڵاتی پاکستان، بۆ نارەزایەتی بە بڕیاری وڵاتی پاکستان سەبارەت بە بەرەسمی ناسینی زمانی ئۆردوو پەراوێز خستنی زمانی بەنگالی دەستیان دایە نارەزایەتی و لە ئاکامدا چوار کەس لە نارازیەکان گیانیان لە دەست دا. لە سەر پێشنیاری بەنگلادش لە ساڵی 1999 ئەو ڕۆژە لە لایەن یونسکۆ ڕێکخراوی کولتووری _ کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک ڕۆژی زمانی دایک بە ڕەسمی ناسراوە.
مافی خوێندن بە زمانی دایک لە مافە سەرەتاییەکانی هەموو کەسێکە کە لە لایەن گشت ڕێکەوتن نامەکانی مافی مرۆڤ وەک مافی سرووشتی هەموو کەسێک بەرەسمی ناسراوە و لە بەندی 30 ئەو ڕێککەوتن نامەیەدا دەوڵەتەکان ناچار دەکات کە لە ئەگەری بوونی کەمایەتی نەتەوەیی و مەزهەبی مناڵانی ئەو نەتەوانە دەبێ لە مافی بەهرەمەند بوون لە خوێندن و بەرێوەبردنی ڕێورەسمی ئایینی خۆیان ئازاد بن.
زمانی دایک کاریگەرترین هۆکاری پاراستنی دەسکەوتە مادی و مەعنەویەکانە. پاراستنی زمان شوناس و بەردەوام بوون و پارێزگاری لە کولتوورە و گاریگەری ڕاستەو خۆی هەیە لە سەر خەمڵینی کەسێتی و گەشەی فەرهەنگی.
چەند جار لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ پێداگری لە سەر بەرەسمی ناسینی دەرس خوێندن بە زمانی دایک کراوەو دەوڵەتەکان بانگەشە دەکات بۆ ئەوەی ئەو مافە بەرەسمی بناسن ڕێزی لێ بگرن.
هەرچەند لە یاسای بنچینەیی کۆماری ئیسلامی دا و لە خاڵەکانی15و 19 و 22 و 23 دا بەرەسمی دان بەوەدانراوە کە نابێ لە باری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی هەڵاواردن بکرێت و دەرس خوێندنی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە ڕەسمی ناسراوە بەڵام دەبینین لە 34 ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی تەنانەت یاساکانی خۆشی بەرێوە نابات و مناڵانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە دەرس خوێندن بە زمانی دایکی خۆیان بێبەشکراون. ئەوە لە حاڵێک دایە کە بە وتەی حاجی بابایی وەزیری پێشوی پەرەوردەی ئێران لە سەدا 70ی خوێندکارانی ئێران مناڵانێکن کە زمانی دایکیان فارسی نیە و ناچار دەکرێن بەزمانی فارسی دەرس بخوێنن.
ئێستا لە کۆماری ئیسلامیدا هیچ گۆڤارو ڕۆژنامەیەک تەنیا بەزمانی کوردی چاپ نابێ و تەنیا ڕێگە بەو چاپەمەنیانە دەدەن کە بە هەردوو زمانی فارسی و کوردی چاپ بکرێن. کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە زمانی ستانداری کوردی دروست نەبێت و لەو مێدیاکانی خۆی و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی شێواندن و لە خشتە بردنی زمانی کوردی دەدا.
ئێمە لە وڵاتیک دا دەژین کە زمانەکەمان نە لە قوتابخانەو نە لە زانکۆو نە لە هیچ شوێنێکی ڕەسمی مافی کەڵک وەرگرتنمان لێی نیە. نووسەران و ڕۆشنبیران و چالاکانی فەرهەنگی دەسگیر شکەنجە و ئێعدام دەکرین و سووکایەتی بە زمانی کوردی دەکرێ و لە باشترین حاڵەت دا بە" زاراوی کوردی" ناوی دەبەن و ڕێگە بە دایک و باوکەکان نادەن تەنانەت ناوی کوردی بۆ مناڵەکانیان هەڵبژێرن و بە گشتی مناڵانی کوردستان لە دەرس خوێندن و کەڵک وەرگرتن بە زمانی دایک بێبەش کراون. هەر چەند مانگ لەوە پێش کەڵک وەرگرتن لە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئۆستان کرماشان لە لایەن ئیدارەی پەروەردەی کرماشانەوە بە پێی بڕیارێک قەدەغە کرا.
لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دا خەڵکی کوردستان مافی بێ ئەملاو ئەولای خۆیانە داوای دەرس خوێندن بە زمانی کوردی و بەرەسمی ناسینی زمانی کوردی لە ئاستی سەراسەری ئێران بکە
رۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەموو قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان و سەراسەری ئێران پیرۆز بێت
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێران
21ی فێوریەی 2013