هەڵوان جەلال
قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی فراوان کاریگەریی درووستکردووە، لەسەر پڕۆژەکانی شارەوانی سلێمانی، بە جۆرێک لە %90 ی پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی شارەوانی وەستاندووە.
#ئەبوبەکر تەیب حەسەن# بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی شارەوانی #سلێمانی#، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان ئەو زانیارییەی پشت ڕاست کردەوەو ڕایگەیاند بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا درووست بووە، بە نزیکەیی 50 پڕۆژەمان وەستاوە کە دەکاتە %90 ی پڕۆژەکانی شارەوانی سلێمانی، هەندێک لەو پرۆژانەش لە قۆناغی کۆتاییدان، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارکردن لەو پرۆژانەدا وەستێنراون.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی شارەوانی سلێمانی، ڕوونیشی کردەوە لە ڕابردوودا بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان چەکی پارە دەدرا بە ئەو کۆمپانیایانەی کە پڕۆژەکانیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ئەو چەکانەش خەرج ناکرێت، بۆیە کۆمپانیا و بەڵێندەرەکان کارکردنیان لە پڕۆژەکاندا ڕاگرتووە.
پڕۆژە ڕاگیراوەکانیش، بریتین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی درووستکردنی ئاوو ئاوەرۆ و شەقام بۆ کۆڵانەکانی شاری سلێمانی بەتایبەت لە دەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و گەرەکەکانی بەکرەجۆ و ڕاپەڕین، لەگەڵ درووستکردنی یەکتربڕەکان کە لە ماوەی ڕابردوودا کار لە درووستکردنی سێ یەکتربردا دەکرا، بەڵام لە ئێستادا کارکردن لەو یەکتربرانەشدا وەستێنراوە بەهۆی نەبوونی پارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی شارەوانی سلێمانی پێشنیازی کرد لە داهاتەکانی خۆیان کار لەسەر پڕۆژەکان بکرێت و مووچەی کارمەندەکانیشیان بدەن، بەڵام تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە.
#13-03-2015#