کۆمپانیایەکی بەرمهێنان و هاوردەکردنی جوجەڵە کە لە ساڵی 2008ەوە بەرهەمی هەیە، سەرەتا بەرهەمی ساڵانەی 750 هەزار جوجەڵەی دایکانە بوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو دوای تەواوکردنی بەشی دووەمی پڕۆژەکە، بەرهەمی بۆ ملیۆنێک و 550 هەزار جوجەڵەی دایکانە و ملیۆنێک و 500 هەزار جوجەڵەی گۆشت بەرز بووەوە.
دکتۆر سەڵاح مستەفا بەکر، خاوەنی گرووپی ڤانۆ، دەڵێت "گرووپەکەمان خاوەنی تاکە پرۆژەی بەخێوکردنی جوجەڵەی دایکانەیە لە عێراق و کوردستان کە جوجەڵەی دایکانە لە جۆری (Ross308) بۆ پرۆژەکانی کوردستان و عێراق دابین دەکات و لە90% ئەو مریشکانەی لەعێراق و کوردستان بەرهەم دەهێنرێن بەجۆرێک لەجۆرەکان بەرهەمی پڕۆژەکەی ئێمەیە".
دکتۆر سەڵاح مستەفا دەڵێت: بەهۆی "بەرزیی کوالێتی و هەرزانیی نرخ"ی بەرهەمەکانیان "خواستێکی زۆر" لەسەر جوجەڵەکانیان هەیە لە چەند وڵاتێکی ئاسیا و ئەفریقاوە "بۆ نموونە کازاخستان داوای هەناردەکردنی جوجەڵەی لێکردووین، بەڵام ئێمە بەهۆی گرفتی فڕۆکە تاوەکو لە کوردستان و عێراق بازاڕمان هەبێت بە دەرەوەی نافرۆشین، بۆیە تاوەکو ئێستا تەنیا 111 هەزار جوجەڵەمان هەناردە کردووە بۆ لوبنان".
تێچووی هاوردەکردنی هەر جوجەڵەیەک لە کۆمپانیای دایکەوە بۆ کوردستان 42 دۆلار لەسەر گرووپی ڤانۆ دەکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکە بەردەوامە لەسەر هاوردەکردنی.
دکتۆر سەڵاح دەڵێت "کۆمپانیای (Ross)، جوجەڵە بە جۆرێک لە تایبەتمەندی بەرهەمدێنێ کە بەماوەیەکی زۆر کورت و بە ئالیکێکی کەم کێشی زیاد بێت، بۆیە ئێمە 17 هەفتە جارێک وەجبەیەک جوجەڵە لە کۆمپانیای دایک دەهێنین".
هەرێمی کوردستان خاوەنی 1165 کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەری گۆشت، 15 پڕۆژەی بەخێوکردنی مریشکی دایکانە و 32 پرۆژەی هەڵهێنەری جوجەڵەیە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێویستی هەرێمی کوردستان بەگۆشتی مریشک لەساڵی 2019 دەگاتە نزیکە 140 هەزار تۆن لە ساڵێکدا، ئێستاش پڕۆژە خۆماڵییەکان 70%ی پێداویستی ناوخۆ دابین دەکەن.
رەمەزان محەمەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت "بەر لەدامەزراندنی ئەم پرۆژەیە، پرۆژەکانی دایکانەی ناوخۆ ساڵانە نزیکەی نیو ملیۆن جوجەڵەیان بە نرخی زۆر گرانتر لەوەی ئێستا هاوردە دەکرد کە زۆرجار دەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێو کێڵگەکانی پەلەوەر".
دکتۆر سەڵاح مستەفا ئاشکرای کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمی کۆمپانیاکەیان بەنیازن پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە سلێمانی بۆ بەرهەمهێنانی جوجەڵە لە جۆری (Cobb)ی ئەمەریکی دابمەزرێنێن،
- 02-04-2015