لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 520 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، ڕونیکردەوە، کە 33 گۆڕیان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، دۆزراونەتەوە.
له و بارەیەوە فارس برێفکانی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "تائێستا بەشێوەیەکی فەرمی زیاتر لە 520 گۆڕی بەکۆمەڵ لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دۆزراونەتەوە".
رونیشکردەوە، "کە 33 گۆڕی بەکۆمەڵیش لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و لە دوای داگیرکردنی چەند شارێکی عیراق لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، دۆزراونەتەوە".
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتیشی: "لە ساڵی 2003وە تا 2014، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی مافەکانی مرۆڤ لە بەغدا، نزیکەی 17 هەزار بێسەروشوێن هەن، داواشی لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ کرد، لەدوای ڕزگارکردنی هەر شارێکەوە، پارێزگاری لە ڕووفاتەکان بکەن تا بۆ مەبەستی دۆزینەوەی ناسنامەکانیان و وەرگرتنی زانیارییە تایبەتییەکانیان، بەشێوەیەکی ورد توێکارییان بۆ بکرێت".
داواشی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد، بایەخ بە مەشق پێکردنی کادرەکانیان بدەن و سیستمی کاری خۆبەخشی و پەرەسەندوو بۆ ناسینەوەی پەنجەمۆری بۆ ماوەیی پیادە بکەن و شێوازە نوێیەکان له و بوارەدا بۆ ناسینەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان، بەکاربهێنن.
- 02-04-2015