لەسەرەتای دەستپێکردنی وەرزی عومرەوە لەئەمساڵدا 16 هەزار کەس بۆ ئه و مەبەستە چونەتە سعودییه و کۆمپانیاکانیش بۆ هەر کەسێک بڕی 925 دۆلار تا 975 دۆلار وەردەگرن، ئەمەش دەکاتە زیاد لە15 ملیۆن دۆلار.
ئاوێنەنیوز: لەسەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە وەرزی عومرە دەستیپێکردوه و وتەبێژی پێشوی وەزارەتی ئەوقافیش ڕایدەگەیەنێت کە له و کاتەوە تا ئێستا لەهەرێمی کوردستانەوە نزیکەی 16 هەزار هاوڵاتی گەشتیی سعودییەیان ئەنجامداوه و سەرجەم گەشتەکانیش لەرێگای فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانییەوە بون.
بۆمەبەستی ئەنجامدانی عومرەش، چەندین کۆمپانیا هەن کە هاوڵاتیان لەهەرێمەوە دەگەیەننە هەردو شاری مەککه و مەدینه و بۆ ماوەی 12 ڕۆژ دەمێننەوە. کۆماپنایاکانیش بۆ هەر عومرەکارێکیش لەنێوان 925 دۆلار تا 975 دۆلار دەسەنن کە ئەویش کرێی فڕۆکه و شوێنی نیشتەجێبون و گواستنەوەکانی نێوان مەککه و مەدینەیە.
کۆی ئه و بڕەپارەیەی ئه و 16 هەزار هاوڵاتییەش بەمەبەستی عومەرەکردن داویانە بەکۆماپانیاکان لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تا سەرەتای نیسان، زیاد لە 15 ملیۆن دۆلار دەکات.
بڕیاریشە تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان پرۆسەی گەشتی عومرەکان بەردەوام بێت.
- 04-04-2015