بەڕێزان سەرۆکایەتیی پارلەمانی کوردستان
سڵاوێکی گەرم...
یادداشتەکەی فڕاکسیۆنی سەوز لە ڕێکەوتی 7ـی 4ـی 2015 لەبارەی دەستگیرکردنی حەیدەر شەشۆ گەییشت، بۆ ئەوەی بزانن ڕاستیی بابەتەکە چۆنە پێتان ڕادەگەیێنین کە،
دوای ئەوەی بە خوێنی سەدان پێشمەرگەی قارەمان لە میحوەری زومار شنگال تیرۆریستانی داعش تێکشکێندران و تووشی گەورەترین شکست هاتن و هەموو ڕێگاکان کرانەوە و ئابڵۆقەی چیای شنگال شکێندرا و ناوچەیەکی بەرفراوان ئازاد کرا، داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد هەموو ئەو هێزانە بە هێزەکەی حەیدەر (شەشۆ)ـیشەوە ڕێکبخرێن کە لەدژی تیرۆریستان شەڕیان کردووە و بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. بەڵام لەجیاتی ئەوەی حەیدەر شەشۆ بێت و لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە وەک هێزێکی سەر بە وەزارەت دەستبەکار بێت، لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هێزێکی دروست کرد و بە بێ ئاگاداریی هەرێم پارەی لە شوێنی تر وەرگرت و تەحەدای دەستەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
ئەم دەڤەرە ناوچەیەکی سەربازییە و هێشتا شەڕی تێدایە و سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەم میحوەرە دەکات. بۆیە پێویستە هەموو هێزەکان لەژێر فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بن و هەموو هێزەکان لە لایەن یەک فەرماندەییەوە سەرپەرشتی و ئیدارە بکرێن.
کەچی ئەم تاقمە بە پیلانێک کە لای ئێمە زۆر ئاشکرایە ویستویانە هێزێکی جیاواز و ئیدارەیەکی جیاواز و ئاڵایەکی جیاواز بۆ ئەم دەڤەرە دروست بکەن بە بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ هەرێمی کوردستان و سیادە و دەستەڵاتەکانی بکەن. بۆ ماوەی دوو مانگ مۆڵەتمان پێدا کە دەبێ وەک هێزەکانی تر لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە خۆیان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی ئیمکانیاتیشیان پێ بدرێت، کۆتایی مۆڵەتەکەیان 30ـی 3ـی 2015 بوو بەڵام قبووڵیان نەکرد بەشێک بن لە هێزی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەم بابەتە پرسێکی حزبی و سیاسی نییە و هیچ پەیوەندییشی بە پارتییەوە نییە بەڵکو بارودۆخ و ئاساییشی هەرێم و یەکدەستیی سەرکردایەتیکردنی هێزی پێشمەرگە ئەو پێویستییە دەسەپێنێ کە هەموو هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکبخرێن. بۆیەشە ڕێگە نادرێت کە هێزێک لە دەرەوەی یاسا و وەزارەتی پێشمەرگە بوونی هەبێت. بۆ ئەوەی زیاتریش بۆتان ڕوون بێت ئەم گرفتە لە پیلانێکی کۆنەوە دێت. هەموو بەڵگەکان لەبەردەستن کە پارەیان لە کێ وەرگرتووە و، چۆن نەخشەی پیلانێکی گوماناویان بۆ دەڤەری شنگال کێشاوە.هەر لە دەستپێکەوە لەگەڵ برایانی سەرکردایەتی یەکێتی باسی ئەم بابەتە کراوە و لە هەموو هەنگاوەکان ئاگادار کراون.
دووبارەی دەکەمەوە کە نابێ هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست بکرێت و ئەگەر تا ئێستا هەندێ هێزی تایبەت بۆ پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینییەکان دروست کراوە هەمووی لە چوارچێوە و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان. داوایش دەکەم بابەتەکە وەک خۆی و دوور لە تیڕوانینی سیاسی و حزبی سەیر بکرێت.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
8ـی 4ـی 2015