بەپێی بەیاننامەیەک کە گۆڤاری لڤین ئەمڕۆ (11/4) بڵاویکردۆتەوە، دوێنێ هێزێک بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو کۆمپانیایەی گۆڤارەکە دابەش دەکات و سەرجەمی ژمارە (299)ی گۆڤاری لڤینیان لە پایتەختی هەرێمی کوردستان پێچاوەتەوەو بردوویانە! لەوەش سەیرتر ئەوەیە، سەرنووسەری گۆڤارەکە دەڵێت کاتێک پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کردووە، پێیان گوتووین، ئێمە ئاگاردار نین!
ئێمە دەپرسین: ئایا دەکرێت لەناوجەرگەی پایتەختی هەرێمەکەماندا، هێزێکی نەناسراو بە ڕۆژی ڕووناک دەست بەسەر گۆڤارێکدا بگرێت، کە مۆڵەتی یاسایی هەیەو ساڵانێکە لەم هەرێمەدا بڵاو دەبێتەوە، کەچی هێزە ئەمنییەکانو "لایەنە پەیوەندیدارەکان" هەر هەواڵیشیان پێ نەگەیشتبێ؟ باشە تەنانەت ئەگەر لە "فەرزی مەحاڵ"دا کتوپڕ ڕووداوێکی وا ڕووبداتو بەڕاست ئەوان ئاگادار نەبن، ئایا وەڵامی دروست ئەوەیە خۆیان بێبەری بکەن، یان یەکسەر بکەونە کارو بەڵێنی دۆزینەوەی تاوانبارانو سزادانیان بدەن؟ ئایا لە پایتەخت شتێک هەیە ناوی حوکمی یاساو دامودەزگای یاسایی بێت؟ ئەگەر هەیە چۆن ڕووداوی وا ڕوودەداتو، کە ڕووش دەدات کوا کاردانەوەو بەدواداچوونو دەستگیرکردنی تۆمەتباران؟
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی دەقێکی ڕوونو ئاشکرای یاسای ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەوانی ژمارە (35)ی ساڵی (2007)، ڕۆژنامەوانی لەکوردستاندا ئازادە، ڕۆژنامە داناخرێتو دەستی بەسەردا ناگیرێت، بە بڕیاری دادگا نەبێت. واتە هەر کەسو لایەنیێک سەربەرخۆ دەست بەسەر بڵاوکراوەیەکدا بگرێت، بێ چەندوچوون، یاسای شکاندووەو تاوانی ئەنجام داوە. لێرەشەوە ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانە بیدۆزنەوەو تەسلیمی دادگای بکەن بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆی وەرگرێت.
جگە لەم ڕووداوە لەلای دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای دهۆک ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ڕۆژنامەنووس سەباح ئەتروشی دەستگیرکراوەو تا ئێستا دەستبەسەرە کەسیش نازانێت بەپێی چ یاسایەکی بەرکاری هەرێم ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەرە.
پێشتریش بۆ ماوەی هەفتەیەک لە گەرمیان لەسەر هاککردنی ئەکاونتی ڕۆژنامەنووس محەمەد شەهاب لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکرا.
ئێمە پێمان وایە مانەوەی سەباح ئەتروشی لە زیندنداو دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێک بۆ ماوەی هەفتەیەک و دەستبەسەردا گرتنی گۆڤاری لڤین، جگە لەوەی تاوانێکە دەرهەق بە یاساو ڕێکارە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتدا ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی ئەو پێشێلکاریو دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر ئازادی بیروڕادەربڕینو ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتەکەماندا. نەدۆزینەوەی تاوانبارانو بەسزا نەگەیاندنیشیان، بەڵگەی ئەو ڕاستییەیە کە تاکو ئێستاش ئازادیو مافەکانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لەژێر هەڕەشەدانو هێزگەلێک هەن بە ئاسانیو بە مەزاجی خۆیان دەتوانن دەستدرێژی بکەنە سەریان، بێ ئەوەی ترسیان لە لێپێچینەوە هەبێت. بۆیە ئەرکی سەرشانی هێزە ئەمنییەکانو حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەگشتی سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن. بەپێچەوانەوە، دەبێ هەر چاوەڕێی ئەوەبن، کە ساڵ لەدوای ساڵ، ناوی حکومەتو هەرێمەکەمان جێگەی خۆی لەلیستی ڕەشی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی چاودێری ئازادیو مافەکانی مرۆڤدا، جێگیر بکەن.
رۆژنامەی ئاوێنە
رۆژنامەی هاوڵاتی
سپی میدیا
شار
لڤین
11-04-2015