لەدوای تێپەڕ بوونی 27 ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئەنفالدا، یادی زامێکی بەسۆ، سارێژ نەبووی گەلەکەمان دەکەینەوە، وشەی ئەنفال جێکەوتێکی زۆر تایبەت و بە ئازاری لە ناوکۆمەڵگەی کوردستاندا و لەبیرو لێکدانەوەیاندا گرتووە، گەورەیی و دڕندەیی تاوانەکە لەبیرەوەری مرۆڤەکاندا یەو ئێشێکی هەتا هەتایی لەگەڵدایە، خەڵکی کوردستان لێکدانەوەی تایبەتیان بۆ چەمکی ئەنفال هەیە، ئەنفال واتای کوردکوشتنی وەرگرتووە یان ڕێک لەجیاتی وشەی جینۆساید. بەشێوەیەک هەموو تاوانەکانی کوردکوژی دەگرێتە خۆی، لەکاتێکدا زۆرێک لەوتاوانانە پێش ساڵانی 1988 ڕوویانداوە، وەک کوشتو بڕی حەرەس قەومیەکان، بۆردومانی قەڵادزێ، پاکتاوی فەیلەیکان و بارزانییەکان، دەرسیم و قاڕنێ و قەڵاتان، لەگەڵ کوردکوژییەکانی ساڵی 1988، کیمیا بارانی هەڵەبجەو شوێنەکانی تری کوردستان و شاڵاوەکانی ئەنفال.
رژێمی بەعسی ڕووخاو سەرکەوتنێکی کاتی وەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی ئامانجە دوورەکانی بەدی بهێنێت لەکوردستان، ئەم تاوانە گەورەیە کە دەرهەق بەگەلی کورد کرا لە دادگای باڵای تاوانەکان لە ڕۆژی 24-06-2007 بە جینۆساید ناسێنرا، هەروەها دواتر لەپەرلەمانی عیراق پەسەند کرا، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو بڕیارانەی دادگاو پەرلەمانی پەسەند کردوە، بەڵام جێگای سەرسوڕمانە تائێستا حکومەتی بەناو فیدراڵی عیراق هێشتا بەشێوەیەکی فەرمی دانی نەناوە بەوبڕیارانەی تایبەتن بە تاوانی ئەنفال، کە کۆمەڵێ بڕگەی لەگەڵدایە وەک قەرەبووی زیان لێکەوتوان، دادگایای تاوانبارانی ئەنفال، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هێنانەوەی ڕووفاتەکانیان، لەگەڵ باشتر کردنی گوزەرانی کەسوکاری قوربانیان، بەپێ هەموو یاساو ڕێساکان حکومەتی عیراق میرات گری حکومەتی پێشوە و پێوستە پابەندی ئەو بڕیارانەبێت، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت و دەسەڵاتی کوردیەوە تا ئێستا یەک تاکە وشەش لەم بڕیارانە جێ بەجێ نەبووە.
بۆیە ئێمە وەک جاودێڕی کوردۆساید –چاک وەک هەمیشە پشتیوان و خەم خۆری کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید بووین جەخت دەکەینەوە و دەڵێن پێویستە حکومەتی بەغدا دان بە تاوانی ئەنفالدا بنێت و پابەندی خاڵ بەخاڵی بڕیارەکان بێت، هەروەها دەبێت حکومەتی کوردستانیش چیدی داواکاری کەسوکاری ئەنفال پشت گوێ نەخات و بکەرانی ئەنفال بەسزای خۆیان بگەیەنێن.
کەمتەرخەمی دەسەڵاتی کوردی و حکومەتی بەغدا لەئاست تاوانی ئەنفال و تاوانەکانی تردا وایکرد کە جارێکی تر جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی لەسەر دەستی هەمان بیرو تێز دووبارە بێتەوە، ئەگەری چەند بارە بوونەوەی هەیە.
سەرەرای دەرکەوتنی هەندێ ئاماژەی پۆزەتیف لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەوپێش چوون و ناساندنی کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد بەتایبەت لە ساڵی 2015 دا لەدوای شاڵاوە دڕندانەو نامرۆڤانەیەکانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر کوردستان بەتایبەت و ناوجەکانی تری عیراق.
بۆیە وا پێوست دەکات کە ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید فشارەکانیان زیاتر بکەن لەسەر حکومەتی هەرێم تا نوێنەرایەتیەکانیان لە هەندەران هەوڵ بدەن بۆ بردنە پێشی ئەم کەیسە، شانبەشانی ڕێکخراوەکان و کەسانی دڵسۆزی کورد لە دەرەوە.
هەروەها پشتیوانی و پیرۆزبایی خۆمان دەردەبڕین بە بۆنەی داواکاری بەپارێزگا بوونی کەلارەوە لایەن کەسوکاری ئەنفالکراوەکانەوە.
چاودێڕی کوردۆساید-چاک
14-04-2015