بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان زیانی هەرێم لە دابەزینی نەوت 852 ملیۆن دۆلاربوەو ئاماژە بەوەش دەکاتە کە لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا کۆمپانیاکانی نەوت 2 ملیار و 261 ملیۆن دۆلار داهات وقازانجی نەوتیان هەبووە.
زریان محەمەد، ئاوێنە: لەو ڕاپرۆتەدا کە وێنەیەکی تایبەت بۆ ئاوێنەنیوز نێردراوە ئاماژە بەوە دراوە کە بەرهەمی نەوتی ناپوختی هەرێم گەشتووەتە 925 - هەزار بەرمیل و هەناردەش 755 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەبێت و لەماوەی مانگی مارچدا نەوتی هەرێم تەنها 15 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیادیکردووە ئەویش لە کێڵگەی خورمەڵەبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە پیشاندەرە ئاماری و ئاماژەی کۆمپانیاکان باسکردنە لە ئاڕاستەی گەشەی بەرهەم، بۆیە ئێستا نەوتی هەرێم پاش ئەو ڕیکۆردە نوێیانەی تۆماریکردووە، ئێستا لە لوتکەی گەشەدا وەستاوە.
سەبارەت بە زیانەکانی هەرێم ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە زیانی هەرێمی کوردستان لە دابەزینی نرخی نەوت بۆمانگی ئادار 852 ملیۆن دۆلاربووە.
لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی لەبەردەستدا بۆ چەند مانگی ئایندە هەرێم بەهۆی حەقبەستنی نرخی نەوت لە 50 دۆلار دا ناتوانێت بە داهاتی نەوت پارەی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات ئەگەر خۆی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، هەربۆیە باشترین بژاردە تا ئێستا دەستگرتە بە ڕێکەوتنی بەغداوە.
لەبارەیداهاتی کۆمپانیاکانەوە ئەو ڕێکخراوە ژمارەیەکی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا کۆمپانیاکانی نەوت 2 ملیار و 261 ملیۆن دۆلار داهات وقازانجی نەوتیان هەبووە، کە دەکاتە لەسەدا30 بۆ 40 ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان ڕێکخراوێکی ناحکومیەو کاردەکات لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان.
- 18-04-2015