رۆژی 16-04-2015 لە کاتی مەراسیمی یادی 28 ساڵەی کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی کەسێک بەناوی خانەوادەی یەکێک لە شەهیدە سەربەرزەکان لە بەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کێلی گۆڕی شەهیدەکەیان لە گۆڕستانی شەهیدان هەڵگرت کە گوایە ناوی لە لیستی ئەو خانووانە دەرهێندراوە کە ڕۆژی 15-04-2015 لە مەراسیمیکَدا بە ئامادەبوونی بەرێز مەحمودی حاجی صالح وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر دابەش کراون و بە قسەی ئەو غەدریان لێ کردووە کە گوایە بەهۆی ئەوەی کە لایەنگری لایەنێکی سیاسی بووە بۆیە ناویان دەرهێناوە.
وەکو وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە کە میکانیزمی دابەشکردنی ئەو 150 خانووەی کە لە بالیسان دابەش کرا بە هەماهەنگی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و یەکە ئیدارییەکانی بالیسان و نوێنەری کەسوکاری شەهیدانی سنورەکە ئەنجام دراوە و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، لیستەکان ئامادە کران.
ئێمە لە کاتی بەڕێوەچوونی یادەکەش لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەت ئەوەمان ڕوونکردەوە کە هەرچەندە کاری زۆرمان بۆ ئەوە کرد کە دادپەروەری دەستەبەر بکەین، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە هیچ پرۆسەیەک بێ گلەیی نابێت، لێرەولەوێ دەنگی سکاڵا بەرز دەبێتەوە و دروست دەبێت، دەرگای وەزارەت و شەخسی وەزیر کراوەیە بۆ هەر گلەیی و هەر کەش سکاڵای هەبوو و هەست بەوە دەکات کە غەدری لێکراوە دەتوانێ سەردانمان بکات و بەوپەڕی سنگفراوانیەوە پێشوازی دەکەین و بەدواداچوون بۆ گلەییەکانیان دەکەین،
بۆیە هەرزوو بەدواداچوونمان بۆ پرسی ئەم خانەوادەیە کرد و بۆمان دەرکەوت کە ناوبراو خانەوادەی (شەهید ڕەشید عەلی مەحمود)ە کە وارسەکەی (لیمۆ ڕەشید عەلی)ە، (ئەوەی کێلەکەی شکاندووە کوری شەهید)ە، شەهیدی ناوبراو دوو خانەوادەی هەیە، وارسی دووەمی شەهید بەناوی اسماعیل ڕەشید عەلی ناوی لەو لیستەدا بووە کە خانوویان وەرگرتووە. لەمەوبەریش خانەوادەی شەهید بە وەرگرتنی زەوی سودمەند بوون.
لە کاتێکدا کە هەڵکەندنی کێلی گۆڕستانی شەهیدان لە هەر شوێنێک بێت دوورە لە نەریتی بەرزی کوردایەتی لە هەمانکاتدا ئەو گۆڕستانە موڵکی گەلی کوردستانە بۆ هیچ کەسێک نییە زەرەری پێ بگەێنێ. بۆیە ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و دڵگرانی خۆمان بۆ ئەنجامدانی ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی نەبێتە پێشینە وەکو وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ڕێگای بەشی یاسایی ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کارە دەگرینەبەر.
جارێکی تر سەری ڕێز لە ئاست گەورەیی شەهیدانمان دادەنەوێنین و بە کەسوکارەکانیان ڕادەگەیەنین کە ئێمە ئەو ساتانە ئاسودەین کە بتوانین خزمەتی ئێوەی تێدا بکەین.