- جەماوەری شاری هەولێر...
- وڵاتپارێزانی کوردستان...
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 17-04-2015 تیرۆریستان لەرێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شارۆچکەی عەینکاوە، لەنێوان بنکەی پۆلیسی عەینکاوە و بارەگای کونسوڵخانەی ئەمریکی، لە پێش کافتریای (نیلی) لەهەوڵێکی ترسنۆکانە و کارێکی تیرۆریستییانەدا هەوڵی تێکدانی باری ئاسایشی هەولێری پایتەختی کوردستانیانداو، لە ئەنجامدا بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی.
ئێمە لە YNDK لەکاتێکدا ئیدانەی ئەم کردەوە تیرۆریستیە دەکەین، هاوکات بەهەوڵێکی ترسنۆکانەی تيرۆريستانی داعش و دوژمنانی کوردستانی دەزانین بۆ تێکدانی باری ئاسایشی باشووری کوردستان، ئەم هەوڵانەی تیرۆریستان هاوکات بەڵگەی شکستخواردن و دۆڕانیانە بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە و خۆڕاگریی جەماوەری وڵاتپارێزی کوردستان، ئەم کارە قێزەونەی دوژمنان وەک هەر تاوانێکی دیکەی تیرۆریستییان کار لەئیڕادەی خەڵکی کوردستان ناکات بۆ درێژەدان بەئاشتی و دیموکراسی و پێکەوەژیان، بەپێچەوانەوە دەبێتە مایەی زیاتر قوڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان و ورەو هێزی زیاترمان پێدەبەخشێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشاندنی بەرەی تیرۆر و شکستپێهێنانی کار و هەوڵەکانی گروپی تیرۆریستی داعش لەهەموو بەرەکانی جەنگدا.
هەر بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بەکەسوکاری شەهیدەکان ڕادەگەیەنین و، هیوای چاکبوونەوەی خیراش بۆ بریندارەکان دەخوازین و، داوا لەخەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس دەکەین چاوکراوەتربین و یەکدەست بین لە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان و هەموو ئەوانەی چاویان بەسەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و پێشکەوتنەکانی کوردستان هەڵنایەت، بێگومان یەکڕیزی و کۆدەنگیمان باشترين چەکە بۆ تێکشکاندنی دوژمنانمان و لەهەمان کاتدا هەوێنی سەرکەوتن و هەنگاونانمانە بۆ ئارامی و سەربەخۆیی کوردستان.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدان
-رووڕەشی و سەرشۆڕی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
28ی نەورۆز/ 2715 ی کوردی
18-04-2015 زایینی
هەولێر - باشووری کوردستان