بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 500 کورد چوونەتە نێو ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، 250 چەکداری کوردی ڕێکخراوەکەش کوژراون.
مەریوان نەقشبەندی بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاژانسی ئانادۆڵی ڕاگەیاندووە " بەپێی ئه و زانیارییانەی کە لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکان و سەرچاوە تایبەتەکانمانەوە بەدواداچوونمان بۆ کردووە و دەستمان کەوتوون، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی 500 گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە نێو چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، له و ژمارەیەش 250 کەسیان لە شەڕ و بۆردومانەکاندا کوژراون".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند " نزیکەی 100 چەکداری کوردی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە سووریا و شوێنەکانی دیکە خۆیان حەشارداوە و دەیانەوێت بچنە دەرەوە، ئەگەر چی ئەوان ناتوانن بڕیارەکەیان ئاشکرا بکەن، لە ترسی کوشتنیان، ناشتوانن بێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە نیازییان هەیە بەره و ئەورووپا بڕۆن."
سەبارەت بە ژمارەی ئه و چەکدارە کوردانەی ئێستا لە ناو ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەپێی نوێترین زانیاریی بەردەستیان له و چەکدارە کوردانەی کە پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، تەنها 100 کەسیان ماون.
بەوتەی مەریوان نەقشبەندی، پێش دەستپێکردنی شەڕی ڕاستەوخۆی هەرێمی کوردستان و چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، نزیکەی 50 گەنج لە نێو ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و 20 کەسیان هیچ گرفتێکیان نەماوە پاش ئازادکردنییان تێکەڵ بە کۆمەڵگە بوونەتەوە، 30 کەسیشیان بۆ دڵنیایی زیاتر هێشتا دەستبەسەرن.
تائێستاش ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش چەندین کوردی ڕێزەکانی خۆی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان کوشتووە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت، پاش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، هیچ کەسێک پەیوەندیی بە ڕێکخراوەکەوە نەکردووە باسی لەوەشکرد، کە ژمارەیەک لە کوردانی ڕۆژهەڵات و باکووریش چوونەتە نێو ڕیزەکانی ئه و ڕێکخراوه و بەشێکشیان کوژراون.
- 20-04-2015