بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، چەندین کورد لە ڕیزی حەشدی شەعبیدا بوونەتە قوربانی. ئاشکراشی دەکات لە بەرامبەر مەترسیی حەشدی شەعبی، نووسراوێک دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران کوردستان.
نەسرەدین سەعید، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە (باس)ی ڕاگەیاند، لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لە ڕێگەی پارە و قۆستنەوەی دۆخی ئابووری، خەڵکی کورد براونەتە نێو حەشدی شەعبی. گوتی: سەردانی ناوچەکانمان کردووە و دیراسەمان کردووە، لە بەرامبەر ئەو مەترسییە لە مانگی ڕابردوودا نووسراوێکمان ئاراستەی حکوومەتی هەریمی کوردستان کردووە کەوا چارەسەرێک بۆ هەبوونی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە بدۆزرێتەوە، چونکە لەو ناوچانە هێزیان هەیە و خەڵکی ئیمە بۆ خۆیان دەبەن.
نەسرەدین سەعید گوتیشی: بەڵگەمان هەیە خەڵکی کورد و لاوی کورد دەچنە نێو حەشدی شەعبی، تەنانەت هەندێک کوردیش لە ڕێزی ئەوانە بوونەتە قوربانی و کوژراون، بۆیە دەبێ حکوومەت ڕێگری لەوە بکات، ئەوان مەترسین لە ناوچە کوردستانیەکاندا.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لە یەکە ئیدارییەکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم پێمان داراون، زیاتر لە 20 گەنج و هاووڵاتیی کورد لە ڕیزی حەشدی شەعبی بوونەتە قوربانی.
لەسەر فەتوای ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەکانی عێراق، لە دوای هێرشەکانی داعش بۆ عێراق، حەشدی شەعبی دروست بووە کە نزیکەی 50 میلیشیای شیعە لە عێراقد لەنێو ئەو هێزەدان 42 فیرقەی جۆراوجۆریان هەیە. ئەو هێزە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بوونی هەیە.
نەسرەدین سەعید لەبارەی ئاماری هەبوونی 10 هەزار کورد لەنێو حەشدی شەعبیدا دەڵێ: هیچ ئامارێک لە بەردەستماندا نییە کە چەند کورد لەنێو حەشدی شەعبیدان، بەڵام کە سەردانی هەندێک ناوچەی کوردستانیمان کرد، بۆمان دەرکەوت خەڵکێکی زۆری کورد لەنێو حەشدن.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان بە (باس)ی ڕای گەیاند، بوونی ژمارەیەک کورد لەناو حەشدی شەعبیدا حاڵەتێکی ئاساییە، گوتی: “کورد لەناو داعش هەیە، بۆیە لەناو حەشدی شەعبیش کورد هەبێت سەیر نییە”.
یاوەر گوتیشی: لەنێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشدا ژمارەیەک بە ڕەگەز عەرەب هەن، “بەتایبەت لەو ناوچانەی پێشتر پێیان دەگوترا ناوچەی جێناکۆک و دابڕاو ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، ژمارەیەک کەسی بە ڕەگەز عەرەب هەن و پێشمەرگەن”.
پێوەند بەم باسە، شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی ڕاگەیاند: حەشدی شەعبی زیاتر لە 50 هەزار چەکداری هەیە و هەندێک کوردیش لەنێو ئەو هێزەدان و ئەوان مەترسین بۆ داهاتووی ناوچە کوردستانیەکان.
عەبدولقادر محەمەد پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی ڕاگەیاند، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کوردانەی لە ناوچە کوردستنانیەکان چونەتی ناو حەشدی شەعلی بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی: لە دوای شەڕی داعش مەترسی هەیە هەندێک لایەنی سیاسی و عەشایری ئەو چەکدارە کوردانەی لەنێو حەشدی شەعبین دژی کورد بەکاریان بهێنن، بۆیە دەبێ چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە بەر لەوەی دۆخەکە خراپ بێت.