لەمساڵدا سەنتەری ڕاهێنان و چارەسەری دەروونی کەلار، پێشوازی کردووە لە 540 نەخۆش زیاتر کە چارەسەرو ڕێنمایی تەندروستی پێشکەش کردوون، هەروەها بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلاریش زۆرترین هاوڵاتی بۆ نەخۆشی شەکرە سەردانی ئه و نەخۆشخانەیان کردووە.
سەنتەری ڕاهێنان و چارەسەری دەروونی کەلار، یەکێکە لە سەنتەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، کەماوەی کەمتر لە دووساڵە دامەزراوە و یەکەم سەنتەری لەوشێوەیەیە کەلە دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکان کراوەتەوە.
بەپێی ئامارەکانیان، ئەم سەنتەرە لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا، 544 نەخۆش سەردانی کردوون و ئەوانیش چارەسەری پێویستیان بۆ کردوون و ڕێنماییان پێشکەشکردوون.
سەنتەرەکە جگە لە بینین و چارەسەری نەخۆش، چەندین چالاکی هۆشیاریی ئەنجام دەدات، لەوچوارچێوەیەشدا، له و چوار مانگەدا، 218 سیمیناری لە باخچەکانی ساوایان و قوتابخانەکان و نووسینگەکانی شۆفێری ئەنجامداوە، هەروەک 15 بەرنامەی ڕادیۆیی و 2 بەرنامەی تەلەفزیۆنی سازداوە، لەگەڵ ئەنجامدانی 12 خولی ڕاهێنان بۆ کارمەندانی تەندروستی.
هاوکات، بە پێی ڕاگەیەندراوێکی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لەماوەی مانگی ڕابردوودا، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، پێشوازیی لە (7540) حاڵەتی نەخۆشی جۆراوجۆر کردووە، نەخۆشییەکانی شەکرە لەپێشەوەی نەخۆشیەکانی دیکەیە کە بەهۆیەوە هاوڵاتیان سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.
بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، لە مانگی نیسان دا، (7540) هاوڵاتی نەخۆش سەردانی کردوون، له و ڕێژەیەش: (45) نەخۆشی کۆئەندامی هەرسیان هەبووە، هەروەک (79) نەخۆشی کۆئەندامی هەناسەدان و (101) نەخۆشی کۆئەندامی سوڕی خوێن و (5) نەخۆشی کۆئەندامی دەمار هەبوون.
هەربەپێی ئامارەکە، (6) نەخۆشیی بواری کۆئەندامی عەقڵیی و (115) نەخۆشی کۆئەندامی میزەڕۆ هەبووە، هەروەک (290) هاوڵاتی نەخۆشی شەکرەیان هەبووە.
لەبارەی ڕووداوەکانیشەوە، لەمانگی نیساندا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، (233) حاڵەتی شکاوی، (152) حاڵەتی برینداربوون، (43) حاڵەتی سوتاویی، (2) حاڵەتی ژاراویی بوون تۆمارکراوە.
هەروەها (65) حاڵەتی برینداربوون بەرووداوی هاتوچۆ، (13) حاڵەتی کەوتنەخوارەوە، (13) حاڵەتی برینداربوون بە فیشەک و ئامێری تیژ، تۆمارکراون.
- 05-05-2015