لەگەڵ زیادبونی خواست لەسەری، بەرهەمهێنانی ماسی ڕوی لەکەمبونەوە کردوە، بەرپرسێکی ئه و بوارەش ڕایدەگەیەنێت، ئەگەرچی لەساڵانی ڕابردوەوە پلانێکیان بۆ پەرەپێدانی ماسی هەبوە بۆ سود وەرگرتن لەشارەزایی ناوچەکانی خواروی عێراق، بەڵام گرفتە ئەمنی و داراییەکان ڕێگربون.
ئا: شیروان شەریف
ئاشنابونی هاوڵاتیان بەسودە خۆراکییەکانی ماسی تادێت ڕو لەزیادبون دەکات، بۆیە ساڵانە خواست لەسەر ئه و بەرهەمە زیادیکردوە، بەڵام بەپێچەوانەی خواست، قەیرانی دارایی و نەبونی بەرنامەی پێویست پەرەپێدانی ئه و کەرتەی پەکخستوە.
بەپێی ئامارەکانی بەشی سامانی ماسی لەوەزارەتی کشتوکاڵ ساڵی ڕابردو لەهەرێمی کوردستاندا 345 حەوزی مۆڵەتپێدراوی بەخێوکردنی ماسی هەبوە کە بەرهەمی ساڵانەیان گەیشتوەتە نزیکەی دو هەزار و 200 تەن له و ژمارەیەش 72 پرۆژەیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی بوە، بەڵام بەدرێژایی ساڵی ڕابردو بەهۆی قەیرانی دارایی پرۆژەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیانکردوە.
توانا ئیسماعیل، لێپرسراوی هۆبەی سامانی ماسی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی بەئاوێنەی ڕاگەیاند، کۆی پرۆژەکانی حەوزی ماسی لەسلێمانی کە مۆڵەتیان هەیە و لەکاردان نزیکەی 40 پرۆژەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەندێک پرۆژەی مۆڵەتداری تر لەئاکامی وشککردنی ئاو یان زۆری تێچوەکەیەوە ڕاگیراون.
ئاماژەشیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی 25 تا 30 پرۆژەی بێ مۆڵەتیشیمان هەیە کە کاردەکەن و بەرهەمیان دێتە ناو بازاڕەکانەوە.
سەبارەت بەبەرهەمی ئه و حەوزانەش توانا ڕایگەیاند، بەرهەمی ماسی ناوخۆ ساڵانە لەپڕۆژەکانی کەرتی تایبەت دەگاتە نزیکەی 850 تەن کە لەکۆی ئه و پرۆژانەی لەبەردەستدایە بەرهەمدەهێنرێت، هەروەها ئه و ماسییەی لەمەرزەکان و خواروو ناوەڕاستی عێراقەوە هاوردە دەکرێت ساڵانە بڕەکەی لەنێوان 1200 بۆ 1300 تەن دایە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە زۆرترین ماسی هاوردە لەئێرانەوە دەهێنرێت، پاشانیش لەتورکیاوە کە هەریەک لەجۆرەکانی کاربی و سەلەمون لەدیارترینیانن.
ساڵانی ڕابردو حکومەت بەمەبەستی هاندانی بەرهەمی ماسی هاوکاری و پشتیوانی پرۆژەکانی کەرتی تایبەتی له و بوارەدا کردوە، بەڵام قەیرانی دارایی ئه و هەنگاوەی پەکخستوە. له و بارەیەوە بەرپرسی هۆبەی ماسی و کشتوکاڵی سلێمانی ڕایگەیاند، تا ساڵی پاریش توانیمان دو وەجبە عەلەف دابەشبکەین، بەپاڵپشتی 50% کە خاوەن پرۆژە نیوەی نرخی تێچوی عەلەفەکەی لەسەر دەکەوت و ئەوی تری لەلایەن حکومەتەوە دابیندەکرا و تەنها لەساڵی پاردا توانیمان 600 تەن عەلەف بەسەر پرۆژەکاندا دابەشبکەین، دروستکردنەکەشی بەپێی ستانداری جیهانی بو بەجۆرێک عەلەفە دروستکراوەکە لەژێر چاودێرییەکی تەواوی خۆماندا بوە، هەم لەپێکهاتەیدا و هەم لەروە تەندروستییەکەیەوە.
وتیشی، جیا لەوەش ساڵانە توانراوە پەنجە ماسی دابەشبکرێت بەسەر ئه و پڕۆژانە دەکەونە سنوری گەرمیان و سلێمانی و کۆیە و تەنانەت کەرکووک-یش، بەڵام ئەمساڵ لەبەرئەوەی بودجە نەبوە، نەتوانراوە درێژە به و بەرنامەیە بدرێت.
سلێمانی بەوە لەشارەکانی تر جیادەکرێتەوە کە خاوەن هەردو دەریاچەی دوکان و دەربەندیخانە، بەڵام سەبارەت بەماسی، ئامارەکان باس لەکەمبونەوە و مەترسی لەناوچونی زۆرێک لەماسییە خۆماڵییەکان دەکەن، توانا ئیسماعیل ڕایگەیاند، وەکو داتایەکی تەواوەتی بەرهەمی دەریاچەکانمان لەبەردەستدا نیە، بەڵام دەریاچەکان لەبەرئەوەی ڕاوکردنێکی نادروستی تیادەکرێت لەکاتی قەدەغەکردن و لەدەرەوەی کاتی قەدەغەکردنیشدا، بۆیە ئەمە زیانێکی زۆری داوە بەشێوەیەک ماسی خۆماڵیمان زۆر زۆر کەمبوەتەوە و بەتایبەتی لەدەریاچەی دەربەندیخان کە هەندێ ماسیمان خەریکە بەره و فەوتان دەڕوات، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی دروستکردوە هەم بۆ ڕاوچییەکان و هەم بۆ ئەوانەش کە خواستیان لەسەر بەرهەمە ناوخۆییەکان هەیە.
ساڵانە لەیەکی نیسانەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران بەوەرزی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی دیاریدەکرێت و بەپێی وتەی شارەزایانی بوارەکە وەرزی گەرادانان دەکەوێتە نێوانی ئه و دو مانگەوە.
دەربارەی هەوڵەکان بۆ ڕێگرتن لەمەترسییەکانی لەناوچون و کەمبونەوەی ماسی خۆماڵی ئه و بەرپرسەی کشتوکاڵ وتی، بەپێی یاسای ژمارە48ی ساڵی 1976ی هەموارکراو تایبەت بەقەدەغەکردنی ڕاوەماسی لەکاتی وەرزی زاوزێ مامەڵە دەکرێت، کە ئێمە لایەنی سەرپەرشتیاری کارەکەین، لایەنی جێبەجێکاریش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگەی هەرێمە کە هەڵدەستن بەجێبەجێکردنی ئه و بڕیارە و سەرپێچیکاران دەستگیردەکەن و ڕادەستی دادگایان دەکەن و بەپێی یاساکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
سەبارەت بەبونی پلانی حکومەتیش بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئه و مەترسییە لەسەر بەرهەمی دەریاچەکان ئەوەی وت، ئێمە پلانی جێگرەوەمان هەبوە و چەند ساڵێکیش لەمەوپێش ئه و پلانەمان پێشکەشکردوە، بەڵام لەبەر کێشەی باری ئەمنی نەمانتوانیوە ئه و پلانە جێبەجێبکەین.
رونیشیکردەوە، لەخواروو ناوەڕاستی عێراق ئه و ماسیە خۆماڵیانە بەشێوەیەکی دەستکرد بەرهەم دەهێنرێت و دەگەیەندرێتە پەنجەماسی و دەستەماسی و دواتر دەخرێتە دەریاچەکانی خۆیانەوە، بۆیە ویستومانە سود لەشارەزایی و ئەزمونی ئەوان وەربگرین چونکه ئێمە کێشەی ئەوەمان هەیە کە ئه و تەکنیک و شارەزاییەمان نییە، بەڵام لەساڵانی ڕابردو بەهۆی کێشەی ئەمنی نەمانتوانیوە ئه و کارە بکەین و لەم دو ساڵەشدا بەهۆکاری قەیرانی دارایی جارێکی تر نەتوانرا ئەنجامبدرێت.
- 05-05-2015